مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 45 خولەکی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ڤۆلۆدیمێر زلێنسکی ئەنجام داوە، تێیدا جەختی لە بەردەوامی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکراینا کردووەتەوە و وتی، "هیچ شتێک بە ئەنقەست بۆ ئۆکراینا ڕانەگیراوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە ئێستا بە سەردانێک لە هیندستانە، بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "هیچ شتێک نەگۆڕاوە" لە هەڵوێستی ئیدارەی سەرۆک ترامپ بەرامبەر ئۆکرانیا.
ڕوبیۆ وتی، "سەبارەت بە وەزارەتی جەنگ، هەموو ئەو کارانەی تا ئێستا لەگەڵ ئۆکراینا ئەنجامیان داوە، وەک خۆیان بەردەوامن و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە."
هەروەها ڕایگەیاند، "خاڵی دووەم بریتییە لە هاوبەشکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان. سەرۆک ترامپ زۆر بە ڕوونی ئاشکرای کردووە کە هیچ فەرمانێکی بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە نەداوە."
ئەمە لە کاتێکدایە ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کیێڤ گلەیی ئەوەی کردووە واشنتۆن بەم دواییانە هۆشدارکردنەوەی پێشوەختەی لەبارەی هاویشتنی موشەکەکانی ڕووسیاوە بۆ دابین نەکردووە و لینکی سەتەلایتی ستار شیڵدی لەکارخستووە کە بەکاردێت بۆ رێنماییکردنی درۆنە ئۆکرایناییەکان و هەروەها ئەو بەرگرییە ئاسمانییەی دابین نەکردووە کە لەلایەن هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانەوە پارەیان دراوە.
ڕوبیۆ لە لێدوانەکەی ئەمڕۆیدا وتی لە ڕاگەیاندنەکان زانیاری "هەڵەی زۆر و قێزەون" بڵاو کراونەتەوە و جەختی کردەوە لەوەی هەر کێشەیەک هەبووبێت تەکنیکی بووە نەک بەهۆی بڕیارێکی سیاسییەوە بووبێت.
ڕوبیۆ لە هیندستانەوە بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "ئەوەی بۆ ئێوە گرنگە بیزانن ئەوەیە کە هیچ بڕیارێکی سیاسیی بەمەبەست نەبووە بۆ زیانگەیاندن بە ئۆکراینا."
دەربارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، زێلێنسکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند گفتوگۆیەکە "گرنگ" بوو، و سوپاسی ئامادەیی ڕوبیۆی کرد بۆ "یارمەتیدان و هەڵوێستی ڕوونی."
سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی دابینکردنی توانای بەرگری دژی مووشەکە بالیستییەکانی ڕووسیا، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و گێڕانەوەی دابینکردنی زانیاری هەواڵگری لە ڕێگەی سیستەمی ستار شیڵد.
ستار شیڵد سیستەمێکی پەیوەندیکردنی سەربازییە کە بەشێکە لە ستارلینکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس.ئیلۆن مەسک کە خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکسە ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵی ستار شیڵد لە دەستی حکومەتی ئەمەریکادایە.
لە پێشهاتێکی تردا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئۆکراینا، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بڕیارە هەر ئەمڕۆ سێشەممە زلێنسکی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج چاوی بکەوێت بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا، بە مەبەستی تاووتوێکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان و پرسی ئاگربەستی وزە لەگەڵ ڕووسیا.
ڕۆیتەرز دەڵێت جێرید کوشنەر، کە هاوشان لەگەڵ ویتکۆف ڕابەرایەتی دانوساندنەکان دەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕێگەی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بەشداریی کۆبونەوەکەی ئۆسلۆ بکات.
یۆناس گاهر ستۆیری سەرۆک وەزیرانی نەرویج ڕایگەیاند کە ئامانج لە میوانداریکردنەکە لە ئۆسلۆ بەمەبەستی "ئاراستەکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانە بە ڕێگەیەکی بونیاتنەردا. فینلەنداش هاوبەشە لە میوانداریکردنەکەدا. ئەلیکساندەر ستەبی سەرۆکی فینلەندا ڕایگەیاندووە کە بەشداردەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "جەنگی نایاسایی دوژمنکارانەی ڕووسیا لە دژی ئۆکراینا و تێکڕای دۆخی ئەمنیی لە ئەوروپا."