مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو و جەختی لەسەر لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران و زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران و ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە کردەوە.
ڕوبیۆ شەوی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بریتبارت نیوز ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا توانای سەربازیی ئێرانی کەمکردووەتەوە و هەروەها سزاکان بەردەوام دەبن بۆ سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران و کەمکردنەوەی پشتیوانییەکانی بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە.
ڕوبیۆ جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ڕوانگەی واشنتنەوە، ڕێگریکردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەستەبەرکردنی ئاسایشی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز و سنووردارکردنی چالاکییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ئەولەویتییە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەمەریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە گرنگی تەنگەی هورمز ڕایگەیاند واشنتن هەوڵ دەدات گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی ئەم ڕێڕەوی ئاوییە ستراتیژییەوە بپارێزێت.
ڕوبیۆ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئێران هەوڵی داوە تەنگەی هورمز کۆنتڕۆڵ بکات و وتیشی بەڵام ئەمەریکا توانیویەتی گواستنەوەی نەوت لەو ڕێگە ئاوییەوە بگەڕێنێتەوە.
ڕوبیۆ وتی پشتیوانی ئێران لە گروپە چەکدارە ناوچەییەکان یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی واشنتنە و وتیشی گروپە چەکدارە شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق چالاکی دەکەن و لەوێوە دەتوانن مووشەک بەرەو سعودیە و ئیسرائیل هەڵدەدەن.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی حزبوڵڵای لوبنان یەکێک لەو گرووپانەیە کە بە تەواوی پەیوەستە بە کۆماری ئیسلامییەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ئێرانی بە پاڵپشتیکردنی حوسییەکان لە یەمەن تۆمەتبار کرد و وتی تاران جگە لە پاڵپشتیکردنی گرووپە هاوپەیمانەکان، ڕاستەوخۆ هێرشی کردووەتە سەر سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، کوەیت و ئوردن.
ڕوبیۆ وتی زنجیرەی ئەم کردەوانە نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوەندی زۆرێک لە قەیرانە ناوچەییەکاندایە.
ڕوبیۆ لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، سزاکانی ئەمەریکای بە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی ئێران و سنووردارکردنی توانای تاران بۆ پشتیوانیکردن لە گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە ناو برد.