سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە دوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دۆخەکەی بە شۆکی وزە ناو برد و وتی "لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێکان لەگەڵ ئێران، نرخەکان دادەبەزن."
بەسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز ڕۆژی یەکشەممە 18ی مانگی دە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی نرخی وزە وتی "ئەمە شۆکێکی وزەیە؛ ئێمە کۆتایی بە ململانێ لەگەڵ ئێراندا دەهێنین و ئەم نرخانەش دادەبەزن."
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پەککەوتنی بازاڕی وزەی جیهانی نیگەرانییەکانی لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لێکەوتە ئابوورییەکانی لە ئەمەریکا دروست کردووە.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، بەسێنت بەرگری لە سیاسەتی سەرۆک ترامپ بەرامبەر ڕووسیا کرد و وتی "هیچ کەسێک لە سەرۆک ترامپ توندتر نەبووە بەرامبەر بە سزاکانی سەر ڕووسیا."
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕەخنەی لە سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپایی بەرامبەر ڕووسیا گرت و تۆمەتباری کردن بەوەی بەردەوامن لە دابینکردنی دارایی حکومەتی ڤلادیمێر پوتن لە ڕێگەی کڕینی وزەوە.
وتیشی "ئەوروپاییەکان پارەی زیاتریان داوە بە ڕووسیا و ڤلادیمێر پوتن لەوەی کە بە ئۆکراینییەکانیان داوە و بەردەوامن لە بەکارهێنانی وزەی ڕووسیاش."
بەسێنت لە درێژەدا پرسیاری ئەوەی کرد " بۆچی ئەمەریکا بە تەنیا دەبێت ئەم کارە بکات؟".
لێدوانەکانی وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا سەبارەت بە سزاکانی ڕووسیا لە کاتێکدایە کە بەرێوبەرایەتی ترامپ بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بازاڕی وزە، جێبەجێکردنی بەشێک لە سزا نوێیەکانی سەر ڕووسیای ڕاگرت.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی شەممە فەرمانی جێبەجێکاری دەرکرد و جێبەجێکردنی بەشێک لەو سزایانەی کە لەم دواییانەدا لەلایەن کۆنگرێسەوە لە دژی ڕووسیا پەسەندکرابوون، دواخست، ئەمەش بە ئاماژەدان بە بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمەریکا.
ئەم بڕیارە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەمەریکاییەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ڕووسیا لە میانەی شەڕی ئۆکرانیادا.