دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بۆ ئەم پۆستە ڕاگەیاند و ستایشی کارەکانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی.
سەرۆک ترامپ لە پەیامێکدا ڕۆژی یەکشەممە، 18ی مانگی دە ڕوو لە خەڵکی ئیسرائیل، نەتانیاهۆی بە جەنگاوەرێکی گەورە و هاوبەشێکی گەورە بۆ ئاشتی ناو برد و وتی ئەو ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.
سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژە بە دروشمە دژە ئیسرائیل و دژە ئەمەریکاییەکانی حکوومەتی ئێران وەک مردن بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکا، نووسیویەتی ئەگەر ئەم جۆرە لێدوانانە بەردەوام بن، دواجار دەبنە هەنگاوی کرداری دژی وڵاتەکانمان.
وتیشی دەسەڵاتی سەربازی و باری دارایی ئێران بەشێوەیەکی سیستماتیک لاواز بووە و هۆشداریشی دا کە ئەگەر تاران ڕێبازەکەی بە خێرایی نەگۆڕێت، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کارەکە کۆتایی پێدەهێنن.
سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لە پاڵپشتیی خۆی بۆ نەتانیاهۆ کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە ئەگەر ئیسرائیل سەرکردەیەکی تری هەبێت جگە لە نەتانیاهۆ، ئەمەریکا ناچار دەبێت خۆی ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت و وتی منیش حەزم بەم کارە نییە.
سەرۆک ترامپ نەتانیاهۆی بە سەرکردەیەکی "بەهێز و ئازا و زیرەک" ناوبردووە و نووسیویەتی سەرەڕای فشار و دژایەتییەکی توند تەنانەت لەناو ئیسرائیلیشدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نەک هەر وازی نەهێناوە، بەڵکو لەڕاستیدا بەهێزتر بووە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترامپ پشتیوانی تەواو و بێ مەرجی خۆی بۆ نەتانیاهۆ لە کێبڕکێی داهاتووی دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاندووە و و دەڵێت نەتانیاهۆ هەرگیز بێهیواتان ناکات.