وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن حکومەتی ئەمەریکا بەرپرسیارە لە پەکخستنی خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک لە ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەکرد واشنتن هیچ فەرمانێکی بۆ کەمکردنەوەی خێرایی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد دەرنەکردووە و وتی بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی دەستی کەوتووە، خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک گەڕاونەتەوە دۆخی پێشوویان.
ڕوبیۆ لە بنکەی هاوبەشی ئەندرۆس لە مێریلەند سەبارەت بە لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کە پچڕانی ستارلینکی بە مەبەست ناو بردبوو، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئاگاداری لێدوانەکانی زێلێنسکی نییە، بەڵام پچڕانەکە بە مەبەست نەبووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها باسی جیاوازی نێوان ستارلینک و ستارشیڵد کرد و ڕوونیکردەوە کە ستارلینک بەرهەمێکی بازرگانییە، لەکاتێکدا ستارشیڵد سیستەمێکی بەرگری و سەربازییە لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بەکاردێت.
بە گوتەی ڕوبیۆ، ئۆکرانیا لە ئێستادا دەستی بە ستارشیڵد ناگات، وتی ئەو وڵاتە داوای بەکارهێنانی کردووە بۆ هێرشی دوور مەودا لە ناوخۆی ڕووسیا و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمەکە لەلایەن ئۆکرانیا لەژێر پێداچوونەوەدایە و هیچ پەیوەندییەکی بەو پچڕانەی ستارلینکەوە نییە کە باسکراوە.
لە وەڵامی ڕەخنەکانی سیناتۆری کۆمارییەکان تێد کروز سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ئەمەریکا لە سزاکانی سەر ڕووسیا، ڕوبیۆ وتی سزاکان تەنها ڕووسیا ناکەنە ئامانج بەڵکو باج لەسەر چەند وڵاتێکیش دەگرێتەوە، لەنێویاندا هیندستان.
ڕوبیۆ وتی دۆناڵد ترامپ ماوەی 60 ڕۆژی داناوە بۆ پێداچوونەوە بە دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی سزا و باجەکان لەسەر ئابووری ئەمەریکا و ئابووری جیهان.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوشارەکان لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بڕیارەکە هێنایەوە و ڕایگەیاند پەککەوتنەکانی تەنگەی هورمز، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە ژێرخانی وزەی کردووەتە ئامانج، هەموویان کاریگەرییان لەسەر نرخی وزەی جیهانی هەبووە.
لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە گوایە دەستبەرداربوون لە سزاکان و ڕێککەوتن بۆ فرۆشتنی گازۆیل بە شێوەیەکی کاریگەر لە بەرژەوەندی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا دەبێت، وتی نەوت و گازۆیلی ڕووسیا بە هەر شێوەیەک بێت دەچووە بازاڕەکانی جیهان و پرسی سەرەکی ئەوەیە کە چەندی دەگاتە ئەمەریکا.
ڕوبیۆ هەروەها وەبیری هێنایەوە کە ئەمەریکا چەند مانگێک لەمەوبەر مۆڵەتی 60 ڕۆژەی لە نەوتی ڕووسیا دابوو، کاتێک تەنگەی هورمز پەکیکەوت. ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا دەرئەنجامەکانی شەڕە جۆراوجۆرەکان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە و فشارەکانی سەر بازاڕی وزە تەنها لە تەنگەی هورمزدا سنووردار نییە؛ هەروەها پێشهاتەکانی سعودیە و شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی هەیە.