براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم)، ڕایگەیاند کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەوە پارە بۆ سوپای پاسداران ڕەوانە دەکەنەوە، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارە ئابوورییەی بە هۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گەمارۆکانی ئەمەریکاوە ڕووبەڕووی بووەتەوە.
لە کاتێکدا سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئەمەریکا خۆی بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە دژی ئێران ئامادە دەکات، ئیدارەی سەرۆک ترامپ بەردەوامە لە سەپاندنی گوشاری ئابووری و گەمارۆی توند بەسەر ئێراندا.
بە گوێرەی ئاژانسی ئاکسیۆس، بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە ئەو گوشارە ئابوورییە توندە کێشەی گەورەی بۆ ئێران و هێزە ئەمنییەکانی دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی ڕژێمی ئێران زیاتر تووشی بێئومێدی و تووڕەیی بێت و لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڵوێستی هێرشبەرانەتر بنوێنێت.
حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت ئەو گوشارانە بەردەوام دەبن هەتا ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی سازش دەکات و "واز لە کاری تیرۆرستی دەهێنێت."
فەرماندەی سێنتکۆم ئێوارەی هەینی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بووەتە هۆی ئەوەی ئێران 25 ملیار دۆلار داهاتی نەوتی لەدەست بدات.
هەروەها گوتی، سێنتکۆم و وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا توانیویانە 350 ملیۆن دۆلار سامانی دیجیتاڵیی ئێران بلۆک بکەن.
کوپەر ئاشکرای کرد کە گرووپە چەکدارەکانی پشتگیریکراوی ئێران ئێستا ناچارن پارە بۆ سوپای پاسداران بنێرن.
کوپەر ڕایگەیاند، "حکومەتی ئێران مووچە و ...شایستە داراییەکانی پێ نادرێت بە کارمەندانی پیشەسازییەکانی نەوت و وزە، بەرهەمهێنان، بیناسازی، ئاسایش، و خودی سوپای پاسدارانیش. ئەو فشارە داراییە لەسەر هێزە سەربازییەکانی ئێران ئەوەندە دیارە، کە راپۆرت هەیە باس لەوە دەکات میلیاشیا چەکدارە نزیکەکان لە ئێرانەوە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا پارەی چەکدارەکانیان نەداوە بۆ ئەوەی پارە ڕەوانە بکەنەوە بۆ سوپای پاسداران، کە ئەو خۆشی مووچەی سەربازەکانی نادات."
فەرماندەی سێنتکۆم زیادبوونی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز بۆ "بێچارەیی" سوپای پاسداران گەڕاندەوە.
سەرەڕای ئەو هێرشانە، کوپەر گوتی تەنگەی هورمز هێشتا کراوەیە و لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 400 کەشتی و 100 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو تەنگەیەدا تێپەڕیوون.