Accessibility links

هەڵمەتی بانگەشە لە ئەمەریکا لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی گەرم دەبێت

سیاسەتمەداران لە سەرتاسەری ئەمەریکادا هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی کە دەستنیشانی دەکات کام لە حزبەکان کۆنتڕۆڵی کۆنگرێسی ئەمەریکا دەکات.

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ بەشداری لە چەند هەڵمەتێکی کۆبوونەوەی جەماوەریدا کردووە بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدە کۆمارییەکان. ئەو لەم هەفتەیەدا لە ئالاسکا و ئۆهایۆ بوو، و ڕۆژی هەینی دوایین لێدوانەکانی دەربارەی پێشبڕکێی سینات لە تەکساس دا، کە هەڵبژاردنەکان لەوێ بە ووردی چاودێری دەکرێن و سەرۆکی ئەمەریکا لەوێ پشتگیری لە دادوەری گشتی کۆماری، کێن پاکستۆن، دەکات.

ترەمپ لە پلاتفۆرمی تروث سۆشیەڵ نووسی، "ئەو سیناتۆرێکی مەزن دەبێت، هەروەک چۆن دادوەرێکی گشتیی مەزنە."

پاکستۆن ڕووبەڕووی نوێنەری دیموکراتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی تەکساس، جەیمس تالاریکۆ، دەبێتەوە. تالاریکۆ ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدات ببێتە یەکەم دیموکرات کە لە ساڵی 1994ـەوە کە پۆستێکی سەرتاسەری ویلایەتەکە بباتەوە.

تالاریکۆ گوتی، "لە 3ـی مانگی داهاتوودا شتێکی زۆر ناوازە و سەرسوڕهێنەر ئەنجام دەدەین. شتێکی مێژوویی دەکەین. کۆتایی بە 30 ساڵ فەرمانڕەوایی یەک پارت لەم ویلایەتەدا دەهێنین."

پێشبڕکێیەکی گرنگی دیکە، کە بە ووردی چاودێری دەکرێت، لە ویلایەتی میشیگن بەڕێوە دەچێت؛ شوێنێک کە کۆماریخوازان لە ساڵی 1994ـەوە هیچ کورسییەکی ئەنجومەنی باڵایان بەدەست نەهێناوە.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی ئەو ویلایەتەی کرد بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ مایک ڕۆجەرس، کۆنگرێسمانی پێشووی کۆماری. ڤانس گوتی ئەم پێشبڕکێیە لەوانەیە "گرنگترین پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان بێت لە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی سەرۆکایەتی ساڵی 2026ـدا."

ڕۆجەرس هەوڵی داوە ڕکابەرەکەی، عەبدول ئەلسەید، کە دیموکراتە و بەرپرسی پێشووی بواری تەندروستی گشتییە، وەک کەسێکی توندڕەو پیشان بدات. ڕۆجەرس ڕۆژی پێنجشەممە گوتی، "ناتوانین متمانە بە عەبدول ئەلسەیەد بکەین، و بە دڵنیاییەوە ناتوانین مەترسیی ئایدیۆلۆژیایە مەترسیدارەکەی لە ئەنجومەنی سێناتی ئەمەریکادا قبوڵ بکەین."

ئەلسەیدیش ڕۆجەرسی بەوە تۆمەتبار کردووە کە زۆر نزیکە لە ترامپ. ئەو لە دیبەیتێکدا هەفتەی ڕابردوو گوتی ئەم پێشبڕکێیە لە ڕاستیدا پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئایا دەنگدەران دەتوانن خەرجی کڕینی خواردەمەنی بدەن و دەستیان بە چاودێریی پزیشکی بگات یان نا. ئەلسەیەد گوتی، "بابەتەکە ئەوەیە کە ئایا متمانە بەو ئەندامەی داهاتووی ئەنجومەنی سێناتی ئەمەریکا دەکەن کە لە بەرامبەر ترامپ و سیاسەتەکانی ترامپ بوەستێتەوە یان نا؟"

ڕۆژی هەڵبژاردن 3ـی یازدەیە، بەڵام زۆربەی ویلایەتەکان ڕێگە بە دەنگدەران دەدەن پێشوەختە دەنگ بدەن، چ بە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی پۆستەوە.

کۆمارییەکان زۆرینەیەکی بچووکیان لە هەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێسی ئەمەریکا (ئەنجومەنی سێنات و ئەنجومەنی نوێنەران) هەیە، لە کاتێکدا لە ڕۆژی هەڵبژاردن نزیک دەبینەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG