فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، ڕەتی دەکاتەوە ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی کردبێت و کەشتییەکی سینگاپوور خۆی بە مینێکی چێندراودا کێشابێت یان سوپای ئێران سەدان سەربازی ئەمەریکای لە ئوردن کوشتبێت.
سێنتکۆم لە هەژماری خۆی لە ئێکس ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا ئێران سێ بانگەشەی جیاوازی کردووە، کە هەرسێکیان ناڕاستن.
یەکێک لە بانگەشەکان ئەوەیە کە گوایە سوپای پاسداران کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی لە دەستە. سێنتکۆم ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، "ئەمەریکا و هاوبەشانی ناوچەیی کۆنترۆڵی تەنگەکەیان لەدەستە و کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوامن لە تێپەڕبوون، سەرباری هەڕەشە نەویستەکانی سوپای پاسداران."
دووەم بانگەشەی هەڵەی سوپای پاسداران، بە گوێرەی سێنتکۆم، ئەوەیە کە ڕۆژی چوارشەممە مینێکی هێزی دەریایی بە کەشتییەکی بارهەڵگردا تەقیوەتەوە کە ئاڵای سینگاپووری هەڵگرتبوو. سێنتکۆم دەڵیت ڕاستییەکەی ئەوەیە کەشتی بارهەڵگری مەدەنی M/V GFS Pride لە لایەن هاوێژراوێکی سوپای پاسداران پێکراوە. دەڵێت کەشتیەکە لە کاتی ڕاکێشانیدا بەرەو کەنارەکان نوقم بووە.
سێنکۆم نوسیویەتی "سەرباری هێرشەکە، کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوام بە تەنگەکەدا تێپەڕ دەبن... لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 40 کەشتی تێپەڕیوون."
سەبارەت بە بانگەشەی سێیەم، سێنتکۆم ڕەتی دەکاتەوە سوپای پاسداران سەدان ئەندامی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە ئوردون کوشتبێت.
سێنتکۆم دەڵێت، "سێ ئەندامی هێزەکانی ئەمەریکا لە مانگی حەوتدا لە کاتی ئەرکدا کوژران کاتێک هێزە هاوبەشەکان بەرگرییان دەکرد لەدژی هێرشەکانی ئێران."
هەروەها نوسیویەتی، "ئێمە یادی ئەو ئەندامانەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەرز ڕادەگرین کە ئەوپەڕی فیداکارییان پێشکەشکرد و نمایندەی باشترینەکانی ئەمەریکان."