وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە میوانداریکردنی عێراق بۆ 52ەمین دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە بەغدا، ئێرانی بە ئەکتەرێکی باوەڕپێنەکراو ناوبرد و وتی تاران بە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ تاڵانکردنی سامانی خەڵکی وڵاتەکە، هەڕەشە لە سەروەری عێراق دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند واشنتن پشتگیری لە دیدگای عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ هەموو عێراقییەکان.
لە وەڵامێکدا کە بە شێوەی نامەی ئێلکترۆنی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوە مێژووییەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ زەیدی لە 14ی مانگی حەوتدا، جەختی لەوە کردووەتەوە ئەمەریکا بە توندی پشتگیری لە دیدگای سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ داهاتووی عێراق.
لە وەڵامەکەدا هەروەها هاتووە ئامانجی ئەمەریکا دەستەبەرکردنی عێراقێکی سەربەخۆ و ئەمن و ئاوەدانە لە ڕووی ئابوورییەوە. وڵاتێک کە بتوانێت ڕێگری لە هێرشەکان لە ناوخۆی وڵاتەکەوە بگرێت و خزمەت بە خەڵکی عێراق و ناوچەکە بکات و وەک هاوبەشێکی بەهێز بۆ ئەمەریکاش بێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە درێژەی وەڵامەکەیدا ئێرانی بە ئەکتەرێکی باوەڕپێنەکراو ناو بردووە و دەلیت تاران مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە بەکارهێنانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ تاڵانکردنی سەرچاوەکانی خەڵکی عێراق و هەڕەشەکردن لە سەروەری وڵاتەکە.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دامەزراندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدایە و هەروەها بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتان و گەیشتنیان بە ئاسایشە لە ڕێگەی ئاوەدانی ئابووریی هاوبەشەوە.
عێراق میوانداری 52ەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دەکات، کۆبوونەوەکە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە بۆ یەکەمجارە لە بەغدا بەڕێوەبچێت و بڕیارە سبەینێ،17ی مانگی دە یەکەم ڕۆژی دانیشتنەکە بێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا: ئێران بە بەکارهێنانی میلیشیاکان هەڕەشە لە سەروەری عێراق دەکات