Accessibility links

شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-کوردستان و ئەمەریکا-سوریا سەردانی هەولێر دەکەن

\
\

شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-سوریا، بە یاوەری ژمارەیەک خاوەن کار و نوێنەری کۆمپانیاکانی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە سەردانی هەولێریان کرد بە مەبەستی گەشەپێدانی کاری کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سوریا.

شاندەکە لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای هەرێم کۆبووەوە، لە ناویاندا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی.

لە کۆبوونەوەکاندا باس لەوە کرا هەرێم ببێت بە پردێکی گەیاندنی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بە سوریا.

دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا- کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵین بە هێنانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لەم شاندەدا...بڕوامان وایە ئەو کۆمپانیایانەی کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەرکەوتووبوون لە وەبەرهێناندا، پێویستە ببنە پێشەنگ و لە سوریا وەبەرهێنان بکەن و پێویستە هەرێمی کوردستان بەکار بهێنن وەک نوسینگەی سەرەکی بۆ گەڕان و وردبوونەوە لە هەلەکان لە سوریادا."

تەفوری ئاماژەی دا بە لابردنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا و ئەمەی بە دەرفەتێک زانی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە سوریا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وائل زیاد، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا-سوریا، جەختی کردەوە لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەت لە سوریا و دروستبوونی هەلی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لەو وڵاتەدا.

وائیل زیاد ڕایگەیاند، "پێم وایە دەتوانین زۆر شت لە ئەزموونی ئێرە لە هەرێمی کوردستان وەربگرین؛ ئاگادارم لێرە زۆر کۆمپانیا هەن بیر لە سوریا دەکەنەوە یاخود دەستیانکردووە بە وەبەرهێنان، لەبەرئەوە، وەک ئەنجومەن، خۆشحاڵین ببینە هاوبەش یاخود رێپیشاندەر یاخود ڕاوێژکار بۆ چوونە ناو بازاڕی سوریا و بە شێوەیەکی ناوچەیی بیربکەینەوە کە سود بە هەموو لایەک بگەیەنێت."

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکارییەکان.

سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، گەیلان حاجی سەعید، هاتنی شاندەکەی بە گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند پێی وایە لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هاوبەش بەهێز دەکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG