Accessibility links

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پارتی کۆبووەوە

وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، لە دوو دیداری جیاوازدا ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبووەوە بۆ تاووتوێکردنی پەیوەندی نیوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان و سەقامگیر ی ناوچەیی و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نوسیویەتی، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی تەبایی ناوخۆیی و پەلەکردن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان."

سەرۆکایەتی هەرێم دەشڵێت لە دیدارەکەدا باس لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی سەقامگیری کراوە، سەرەڕای تاووتوێکردنی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە بەگشتی.

هاوکات بارەگای مەسعود بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی دا بەوەی لە سەردانەکەیدا بۆ لای مەسعود بارزانی، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا "خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی لە هەرێمی كوردستان دەستی بەکار کردووەتەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە لە هەوڵەكان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریکا بەردەوام دەبێت و هێماشی بەوە دا كە وڵاتەكەی خۆی بە پشتیوانێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان دەزانێت و ڕێزی تایبەتیان بۆ پێگەی سەرۆک بارزانی هەیە لە عێراق و ناوچەكە و هیواشی خواست هەرێمی كوردستان وەک هەمیشە لە ڕۆڵی خۆی لە بەهێزكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت."

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی ئەمەریكای كردووە كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە.

هەروەها بارزانی دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی كونسوڵخانەی ئەمەریكای لە هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم دا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان برەوی زیاتری پێ بدرێت.

نوسینەکە ئاماژەی داوە بەوەی کە هەردوولا جەختیانکردووەتەوە لەوەی "دەبێت ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرقەرار بێت."

شایانی باسە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا دوێنی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە و لە دیدارەکەیاندا جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و کوردستان و چارەسەرکردنی کێشە دەستورییەکان لەگەڵ بەغدا کرابووەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG