Accessibility links

سەرۆک ترامپ: بۆردومانی پاڵاوگەکانی گازۆیل کارێکی باش نییە و دەبێت کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا بێت

سەرۆک دۆناڵد ترامپ جەختی لە بەردەوامی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا کردەوە و داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی ئۆکراینای بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیا کرد.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، "یارمەتیی ئۆکراینا دەدەین بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام. دەمانەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێ بێت، لەگەڵ ئەوان و لەگەڵ ڕووسیا کار دەکەین هەتا کۆتایی بەو جەنگە بهێنین."

ترامپ ئاماژەی دا بەوەی پێی وایە هەردوو حکومەتی ڕووسیا و ئۆکراینا دەیانەوێت کۆتایی بەو شەڕە وێرانکەرەی نێوانیان بهێنن "بەڵام نازانن چۆن لێی دەربچن؛ دوژمنایەتییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە و نازانن چۆن کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن."

ترامپ هەروەها ڕایگەیاند ئەمەریکا بەردەوامە لە پێدانی زانیاری هەواڵگری بە ئۆکراینا لە کاتێکدا ئیدارەکەی لە هەوڵدایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە. وتی، "یارمەتییان دەدەین و زانیاری هەواڵگرییان لەگەڵ هاوبەش دەکەین. دەمانەوێت شەڕەکە بووەستێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لە پێویستی ئاسایشی وزە و ڕایگەیاند ڕێککەوتنی ئەو لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمێر پوتن بۆ هەناردەی ملیۆنان تۆن لە گازۆیلی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان بۆ ئەوەیە یارمەتی نزمکردنەوەی نرخی وزەی جیهانی بدات.

سەرۆک ترامپ وتی، "ڕێککەوتنی گازۆیل بۆ ئێمە نییە بەڵکوو بۆ ئەوەیە بۆ تەواوی جیهان بنێردرێت، چونکە بازاڕی جیهان بە دەست گرانی نرخی گازۆیلەوە دەناڵێنێت."

وتیشی، "بۆردومانکردنی پاڵاوگەی گازۆیل کارێکی باش نییە. هەرچۆنێک بێت ئەوان [ڕووسیا] گازۆیل ناخەنە بازاڕەوە بۆ ئێمە، بەڵکوو ئەمە بۆ هەموو جیهانە."

لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ لە کاتێکدایە سوپای ئۆکراینا لە چەند مانگی ڕابردوودا بە سەرکەوتووانە سەدان هێرشی درۆنی بۆ سەر خاکی ڕووسیا و شاری مۆسکۆ ئەنجام داوە، هەندێک لەو هێرشانە زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی وزەی ڕووسیا گەیاندووە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕەخنەی لە هێرشەکان گرت و ڕایگەیاند، "ئێمە بە زێلێنسکیمان گوت، 'هەرچیەکت بوێت بۆ سەر ڕووسیا دەتوانیت بیکەیت، بەڵام لە پاڵاوگەکان مەدە، چونکە ئەوە کێشەیەکی جیهانییە'. ئەو [سەرۆکی ئۆکراینا] دوای ئەمە چی دەکات؟ دەچێت هێرش دەکاتە سەر سووتەمەنی گازۆیلەکە. وا باشترە ئەوە ڕابگرێت."

This item is part of
XS
SM
MD
LG