Accessibility links

تۆم باراک لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبێتەوە

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی بۆ عێراق، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە بەغدا ئەنجام دا، تێیدا باس لە فراوانکردنی پەیوەندی نیوان ئەمەریکا و عێراق کرا.

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند دوێنێ ئێوارە تۆم باراک و عەلی زەیدی کۆبوونەتەوە، بۆ تاووتوێکردنی چۆنیەتی فراوانکردنی هاوکاری نێوان ئەمەریکا و عێراق لە چەندین بواردا.

نوسینگەکە ڕایگەیاند، "باس لە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەوڵە بەردەوامەکان کرا بۆ پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات بگەیەنێت و هاوکار بێت لە کەمکردنەوەی گرژی و ململانێکانی ناوچەکە."

دوای کۆبوونەوەکە، ئێوارەی دووشەممە تۆم باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ستایشی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد و ڕایگەیاند کۆبوونەوەکەیان بەرهەمدار بووە.

ڕاشیگەیاند، "ئاسایشی عێراق یەکسانە بە ئاسایشی هەموو ناوچەکە."

باڵیۆز و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا هەروەها لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای عێراق فایەق زێدان کوبووەوە.

باراک لە بارەی ئەو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاند، "دەسەڵاتێکی دادوەری بەهێز و سەربەخۆ بەردی بناغەی سەروەری و دەستەڵاتی یاسا و سەقامگیرییە، کە ڕێگە بە عێراق دەدات توانای خۆی لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بخاتە گەڕ."

جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، تۆم باراک هەروەها سەردانی ستیڤن هەیگن، بەرپرسی کاروباری ئەمەریکا لە عێراق،ـی کرد.

تۆم باراک ستایشی ڕۆڵی ستیڤن هەیگنی کرد لە پێشخستنی ئامانجەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق و ڕایگەیاند، "سەرکردایەتییەکی دروستی هەیە لە ساتێکی گرنگدا کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق لە هاوبەشیی ئاسایشییەوە دەگوازینەوە بۆ پەیوەندییەکی فراوانتر لەسەر بنەمای هاوکاری ئابووری و بەرژەوەندی هاوبەش."

This item is part of
XS
SM
MD
LG