پارێزەرانی ئەو ژنەی 10 ڕۆژ لەمەوبەر لە ویلایەتی تێنسی لەسێدارەدانەکەی بە ڕێگەی دەرزی کوشندە سەرکەوتوو نەبوو، ڕایانگەیاند ژنەکە لە نەخۆشخانە گەڕەێندراوەتەوە زیندان.
کریستا پایک تەمەن 50 ساڵ لە 30 مانگی نۆ دوو ژەمی دەرزی کوشندە پێنتۆباربیتاڵی لێدرا، بەڵام بۆ ئەو زیندانییە دەرمانە کوشندەکە سەرکەوتوو نەبوو و نەیکوشت.
بەرپرسان دوای ئەوەی تێگەیشتن ناوبراو هێشتا زیندووە و باری تەندروستی ناجێگیرە، ڕەوانەی نەخۆشخانەیان کرد و دوای ماوەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆش خۆی هاتەوە. پارێزەرەکانی دەڵێن ئێستا پایک توانای ڕۆشتنی هەیە، هەرچەندە هێشتا بەدەست تا ڕادەیەک گێژی و تێکچوونی هۆشیارییەوە دەناڵێنێت.
پارێزەرەکانی ڕۆژی شەممە 10ی مانگی دە ڕایانگەیاند پایک گەڕاوەتەوە بۆ ئەو زیندانەی کە زیاتر لە 30 ساڵە لەوێ ڕاگیراوە و تا ئێستاش لە ژێر چاودێری پزیشکیدا ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی سزای لەسێدارەدانی ئەمەریکا، ئەمە یەکەم حاڵەتی ناسراوە کە زیندانییەک لەدوای لێدانی دەرزی کوشندە ڕزگاری بێت.
کریستا پایک لە تەمەنی 18 ساڵیدا لەگەڵ خۆشەویستەکەی لە ناوەندێکی ڕاهێنانی پیشە، هێرش دەکاتە سەر کچێکی تەمەن 19 ساڵ و دەیکوژێت و بەهۆی هەمان تاوانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
پارێزەرانی پایک ئێستا داوا دەکەن سزای لەسێدارەدانەکەی بگۆڕدرێت بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
هەروەها بیل لی، پارێزگاری کۆماری ویلایەتی تێنسی، دوای ڕووداوەکە لەسێدارەدانەکەی لە ویلایەتی تێنسی ڕاگرت تا لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەبارەی هۆکاری سەرنەکەوتنی لەسێدارەدانەکە ئەنجام دەدرێت.
کریستا پایک هێشتا سزای لەسێدارەدانی لەسەرە و ڕوون نییە کە ئایا دەسەڵاتدارانی ویلایەتی تێنسی هەوڵدەدەن لە داهاتوودا دووبارە لەسێدارەی بدەن یان داواکاری پارێزەرەکانی بۆ گۆڕینی سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی جێبەجێ دەکرێت.