فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانییان لە کەنداوی عومان لە 10ی مانگی دە لەکارخستووە، ئەمەش دوای ئەوە ڕوویدا کە تیمی کەشتییەکە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمریکایان پشتگوێ خستووە و هەوڵیانداوە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران پێشێل بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، بە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمەریکا پشتەوەی کەشتی بارهەڵگری ئۆشن مۆلیکا کە ئاڵای پەنەمای لەسەر بووە، کراوەتە ئامانج. کەشتییەکە بە (ئاریکا سەن)یش ناسراوە. هێرشەکە سیستەمی ماتۆڕی کەشتییەکەی بە تەواوی لەکارخستووە، بەڵام تیمەکەی کەسیان بریندار نەبوون.
سێنتکۆم نووسیویەتی ئەو کەشتییە بازرگانییە گەورەیە پێشتر لە بەندەرێکی ئێرانەوە بەڕێکەوتووە و بەنیاز بووە لە ئاوەکانی ناوچەکە تێپەڕێت.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، هێزەکانی ئەمریکا لە 14ی مانگی حەوتەوە دەستیان کردووەتەوە بە گەمارۆی دەریایی بۆ ئەو کەشتیانەی کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێرانەوە یان لەوێیەوە دەردەچن و لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئەمە چوار کەشتی بازرگانییە لە رێگەی هێزەکانی ئەمەریکاوە لەکاربخرێت و 135 کەشتی دیکەشیان ناچارکردووە بگەڕێنەوە دواوە و ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن.
سێنتکۆم هەروەها نووسیویەتی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەمان ماوەدا، 10 کەشتی نەوتهەڵگریان لەناوبردووە کە پەیوەندییان بە تۆڕی بازرگانی نهێنی چەند ملیار دۆلاری سوپای پاسدارانی ئیسلامییەوە هەبووە.
سێنتکۆم داوای لە دەریاوانەکان کردووە گوێ لە هۆشدارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا بگرن سەبارەت بە گەمارۆی دەریایی و پەیڕەوی لە ڕاگەیاندنە دەریاییەکان بکەن و کەناڵی 16ـی ڕادیۆی دەریایی بەکاربهێنن بۆ پەیوەندیکردن بە هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لەکاتی گەشتکردن لە دەریای عومان و ئەو ڕێگاکانی تەنگەی هورمز.