حکومەتی ئەمەریکا سزای فراوانی بەسەر ڕێکخراوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا ڕاگەیاند و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی "خشت بە خشت"ـی دادگاکەی کرد ئەگەر ئاراستەی کارکردنەکەی نەگوڕێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی هەینی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە "ساختە" ناو برد، "کە بووەتە هەڕەشە بۆ سەروەری ئەمەریکا."
ڕوبیۆ لە پەیامی سەپاندنی سزاکاندا ڕایگەیاند، "دەیان ساڵە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان هاوشێوەی یەکتر ئەو بیرۆکەیەیان ڕەتکردەوە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی دادگاییکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکا، ئەندامانی سەربازی، یان سەرکردە سیاسییەکانی هەبێت. ئەمەریکا هەرگیز نەبووەتە ئەندام لەو دادگایە. پێویستمان پێی نییە و نامانەوێت."
ڕوبیۆ لە پەیامەکەیدا دەشڵێت، "'شارەزا' جیهانگیرەکان کە زەریایەک لە ئێمەوە دوورن، ڕای هاووڵاتیانی ئەمەریکایان لا گرنگ نییە. ئەوان دەیانەوێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کاری زیاتر بکات، لەوانەش دادگاییکردنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی...ئەوان لەسەر حسابی ئێمە دەسەڵاتی زیاتریان دەوێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ "هەرگیز" ڕێگە نادات ئەو دەزگایە دادگایی ئەمەریکاییەکان بکات. "مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دادگا ساختەیە قەدەغە دەکەین و سەرچاوە داراییەکانی دەبڕین و توانای کارکردنی پەک دەخەین."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژە دەکات بەوەی حکومەتی ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو هەنگاوەی نەناوە، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی دەرفەتی چاکسازی و گۆڕینی ئاراستەی کارکردن لەلایەن دادگایەوە. بەڵام دەڵێت دادگاکە و وڵاتانی ئەندام هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە.
مارکۆ ڕوبیۆ ڕاشیگەیاند، سەرباری سزاکان، حکومەتی ئەمەریکا هێشتا هیوادارە بە چارەسەی دیپلۆماسی. "ئەگەر هەوڵەکان ئەنجامیان هەبێت، ئێمەش بە پێی ئەنجامەکان هەڵوێستی خۆمان دەگونجێنین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاتووە، "یان دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە هەڕەشەکانی دەهێنێت، یان ئێمە کۆتایی بە ڕێکخراوەکە دەهێنین. چاوەڕوان دەکەین هاوپەیمانەکانمان، کە زۆربەیان بەشێکن لە ڕێکخراوەکە و بۆ بەرگری لە خۆیان پشت بە سەربازانی ئەمەریکایی دەبەستن، کۆنترۆڵی ئەو دادگایە بکەن. ئەگەر نەیکەن، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هەڵوەشاندنەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، خشت بە خشت، تا ئەو کاتەی هیچی تر ئەمەریکاییەکان هەڕەشەیان لێ ناکرێت."
لە دوای بڕیارەکەی حکومەتی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاو کردەوە.
یەکێتی ئەوروپا بڕیارەکەی بە "زۆر جێگەی داخ" ناو برد و ڕایگەیاند "ئامادەین هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان بگرینە بەر بۆ ئەوەی دادگاکە بتوانێت کارەکانی خۆی بەڕێوە بەرێت."