Accessibility links

سێنتکۆم: تەنگەی هورمز کراوەیە بۆ ئەو کەشتییانەی کە سزاکانی ئەمەریکا پێشێل ناکەن

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی مینە دەریاییەکانیان لە ڕێڕەوی سەرەکی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز پاککردووەتەوە و ئەمەش ڕێگە بە تێپەڕبوونی ئازادی ئەو کەشتیانە دەدات کە سزا دەریاییەکانی ئەمەریکا دژی کۆماری ئیسلامی پێشێل ناکەن.

سێنتکۆم لە پەیامێکدا بە زمانی فارسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە "بە سوپاسەوە بۆ هێزەکانی سێنتکۆم کە بە سەرکەوتوویی مینە دەریاییەکانیان لە ڕێڕەوی سەرەکی کەشتیوانی پاککردووەتەوە، تێپەڕبوونی ئازاد بەناو تەنگەی هورمزدا کراوەیە بۆ هەموو ئەو کەشتیانەی کە سزا دەریاییەکانی ئەمەریکا دژی ئێران پێشێل ناکەن."

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا هەزاران کەشتی بازرگانی بە پارێزراوی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی گوشاری ئابووری و گەمارۆی دەریایی سەر کۆماری ئیسلامی، سنووردارکردنی بەسەر کەشتییە پەیوەندیدارەکان بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران سەپاندووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە درێژەی چالاکییەکانی لە دژی تۆڕەکانی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی، سزای نوێی بەسەر چەند لایەنێک و 17 کەشتی پەیوەست بە گواستنەوەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران سەپاند.

This item is part of
XS
SM
MD
LG