مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتە شاری لیسبۆنی پایتەختی پورتوگال و لەوێ جەختی کردەوە لە سەر بەهێزکردنی پەیوەندی ئاسایشی و ئابووری نێوان ئەمەریکا و پرتوگال و پتەوکردنی ڕێکخراوی ناتۆ.
ئەمە کۆتا قۆناغی گەشتێکی چوار ڕۆژەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ئەوروپا، کە سەرەتا بە ئایسلەندا دەستی پێ کرد و دواتر چووە یۆنان.
لەگەڵ گەیشتنی بە لیسبۆن، ڕوبیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس جەختی کردەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و زیادکردنی وەبەرهێنانی هاوبەش، ئەویش لە ڕێگەی سازکردنی کۆڕبەندێکی ئابووری و پەرەدان بە بەرگری ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات.
ڕوبیۆ لە کۆشکی ساو بێنتۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پورتوگال لویس مۆنتێنێگرۆ کۆبووەوە و دواتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، پاولۆ رانهێل، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا.
ڕوبیۆ پرتوگالی بە "هاوپەیمانێکی مەزن"ـی ئەمەریکا ناو برد و جەختی کردەوە لە زیادکردنی هاوکارییەکان لە نێوان هەردوو وڵات و لە چوارچێوەی ناتۆدا.
ڕایگەیاند، "پێم وایە بە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە ناتۆ، دەتوانین وڵاتەکانمان و کیشوەرەکانمان لە هەڕەشەی دەرەکی بپارێزین لەپێناو گەلەکانماندا."
وتەکانی ڕوبیۆ دوای وتارەکەی دوێنێی دێت لە ئەکرۆپۆلیس (پنێکس) لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، کە تێیدا تیشکی خستە سەر پێویستی پاراستنی بەهاکانی دیموکراسی و ڕۆژئاوا، هەروەها داوای لە ئەوروپا کرد لە "خەوی درێژخایەن" بەئاگا بێتەوە.
وەزیری دەرەوە جەختی لەوە کردەوە کە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتانی ناتۆ بۆ زیادکردنی خەرجی سەربازییان هەڵوێستێکی "دوژمنکارانە" نییە، بەڵکو بۆ پتەوکردن و بەهێزکردنی هاوپەیمانێتییەکەیە.