دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەڵ بابەتێکی لەبارەی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بڵاوکردەوە و ئەو کەسانەی کە لەو هێرشەدا گیانیان لەدەست داوە و بارمتەکان و ڕزگاربووانی بەبیر هێنایەوە.
ترامپ نووسیویەتی، "ئێمە هەرگیز 7ـی ئۆکتۆبەر لەبیر ناکەین، هەرگیز قوربانییەکان لەبیر ناکەین و هەمیشە دژی هێزە تیرۆریستی و تێکدەرەکان دەوەستینەوە."
هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ لای خێزانەکانیان و گوتی "بێ وچان" هەوڵی دا بۆ گەڕاندنەوەی زیندووان و مردووەکان بۆ خێزانەکانیان و لە کۆتاییدا هەموویان گەڕاندەوە.
پێشتر ترامپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ساڵیادی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا، باسی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیری ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ کرد و گوتی، "من قسەم لەگەڵ بیبی نەتانیاهۆ کرد و داوای سەلامەتی ئەوم کرد. هەروەها داوای خۆشگوزەرانیم بۆ گەلی ئیسرائیلم کرد. ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی زۆر خراپ بوو، تراژیدیایەکی گەورە بوو و ئەو لایەنەی بووە هۆی ڕووداوەکە، باجی زۆر قورس دەدات."
دوێنێ سێ ساڵ بەسەر هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەردا تێپەڕی. کاتژمێر شەش و 29 خولەکی بەیانی لە ڕۆژی 7ـی دەی 2023، چەکدارانی فەڵەستینی بە ڕێبەرایەتی حەماس هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگاکانی ئیسرائیل و بۆنەیەکی میوزیک لە سەر سنووری غەززە، زیاتر لە هەزار و 200 کەسیان کوشت و سەدانیان بریندار کرد و 251 کەسیشیان بە بارمتە برد. لە ناو ئەو قوربانیانەدا سەدان خەڵکی مەدەنی لە منداڵ، ژن و کەسانی بەساڵاچوو هەبوون.