Accessibility links

ئەندامانی کۆنگرێس پەیامی هاوخەمی لە ساڵڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر دەردەبڕن

ADDITION Israel Remembrance
ADDITION Israel Remembrance

دەیان ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە سێهەمین ساڵڕۆژی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەردا هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی هێرشەکان و خێزانەکانیان دەردەبڕن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا رۆژی چوارشەممە زیاتر لە سەد ئەندامی کۆنگرێس لە هەردوو خانەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات ڕاگەیاندیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردوەتەوە. لە ڕاگەیداندنەکانیاندا ماتەمینییان دەردەبڕن و سەرکۆنەی حەماس دەکەن و پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن و هەروەها داوای کۆششی زیاتر دەکەن بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە هێرشەکانی حەماسدا لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 زیاتر لە 1200 کەس کوژران، لە نێویاندا زیاتر لە هەشتا کەسیان هاوڵاتی ئەمەریکایی بوون، و سەدان کەس بریندار بوون و سەدان کەسیش وەک بارمتە بۆ غەززە بردران. ئەندامانی کۆنگرێس ئەو ڕووداوەیان بە هێرشێکی تیرۆریستی دڕندانە و یەکێک لە خوێناویترین کارەساتەکانی مێژووی ئیسرائیل لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ناساند.

تەوەرەی سەرەکی لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکاندا بەرزڕاگرتنی یادی قوربانییەکان و ئەو کەسانەی ڕزگاریان بووە و خێزانەکانیان بوو.

چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وتی،"لە دوای هۆلۆکۆستەوە ئەو هێرشە خوێناوترین ڕۆژ بوو بۆ کۆمەڵگەی جوو... دڕندەیی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر هەمیشە لە و یادەوەریماندا دەمێنێتەوە...ئەمڕۆ دووبارە پشتگیریمان لە ئاسایشی گەلی ئیسرائیل و یارمەتیدان و خۆشگوزەرانی گەلی فەلەستین، و هەوڵەکان بۆ بونیادنانەوەی ئەو وێرانکارییەی کە شەڕەکە لە غەززە بەجێی هێشتووە دووپات دەکەینەوە. هەروەها پابەندین بە بەهێزکردنی کۆششەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن کە لە ئەنجامدا دەوڵەتێکی ئیسرائیلی و دەوڵەتێکی فەلەستینی لێبکەوێتەوە، بۆ ئەوەی هەردوو گەل بە ئاشتی و ئارامی و شکۆ لە تەنیشت یەکتردا بژین."

لە هەمان کاتدا، مایک جۆنس، سەرکردەیەکی کۆمارییەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، وتی، "تیرۆریستانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە دەستیاندا دەستدرێژی و شێواندن و کوشتنی زیاتر لە 1200 کەسی بێتاوان و 251 کەسی دیکەشیان بە بارمتەگرت،" هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ قوربەنییەکان دەربڕی و وتیە، "بەڵێن دەدەین هەرگیز ئەو تاوانانە لەبیر نەکەین."

ئەندامەکانی کۆنگرێس بە ڕاشکاوی سەرکۆنەی حەماسیان کرد و هێرشەکانیان بە کردەوەی تیرۆریستی ناساند و دەربڕینەکانی وەک "دڕندانە"، "تاوانکارانە"، "کۆمەڵکوژی" لە ڕاگەیاندنەکاندا دووبارە بوونەوە. هەروەها ژمارەیەکی لە ئەندامانی کۆنگرێس جەختیان لەسەر گرنگی ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشێکی هاوشێوە کردەوە.

پشتگیری لە ئیسرائیل تەوەرەیەکی تری دیاری ڕاگەیاندنەکان بوو. دەیان ئەندامی کۆنگرێس جەختیان لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل و مافی بەرگریکردن لە خۆی کردەوە. تۆم ئێمەڕ، کە سەرکردەیەکی کۆمارییەکانە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وتی، ئەمەریکا شان بە شانی ئیسرائیل دەوەستێت و ئیسرائیلی بە یەکێک لە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناو برد.

هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی هەستی دژە جوو لە ئەمەریکا و ووڵاتانی دیکە دەربڕی و داوای بەردەوامبوونی کۆششیانکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ڕق و کینە بەرامبەر بە کۆمەڵگەی جوو.

ئەگەرچی یادکردنەوەی قوربانییەکان و سەرکۆنەکردنی حەماس تەوەرەی سەرەکی ڕاگەیاندنەکان بوون، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس لێدوانیاندا لەسەر داهاتووی ناوچەکە و ئەگەرەکانی گەیشتن بە ئاشتیدا.

سیناتۆری دیموکرات ئادەم شیف لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس وتی پێویستە ئەم یادە دەرفەتێک بێت بۆ "نوێکردنەوەی پابەندبوون بە ئامانجی بونیاندنانی دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و نەخشەڕێگایەک بۆ ئەو ئامانجە... پێویستە بەردەوام بین لە پاڵپشتیکردنی زیادکردنی یارمەتی بۆ بونیادنانەوەی غەززە و کۆتاییهێنان بە توانای حەماس بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل، و بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام کە کۆتایی بە ئەم ململاێیە بهێنێت و دڵنیایی بدات کە ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان بتوانن لە پاڵ یەکتر بە ئاشتی و ئارامی بژین."

This item is part of
XS
SM
MD
LG