Accessibility links

ترامپ: کێشەی سەرەکیی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین چیدیکە تەنگەی هۆرمز نییە

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چیتر بەهۆی پچڕانی هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە نییە، بەڵکو کێشەکانی پاڵاوگەکان لەوانەش هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر دامەزراوەکانی ڕووسیا و کەمبوونەوەی توانای پاڵاوتنی نەوت لە ئەمەریکا، لە ئێستادا ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێڕن لە فشارەکان بۆ سەر نرخی سووتەمەنی.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممە 5ی مانگی دە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ بە ئاماژەدان بە زیادبوونی بەرچاوی قەبارەی تێپەڕبوونی نەوت بە تەنگەی هورمزدا جەختی لەوە کردەوە "چیتر ئەوە تەنگەی هورمز نییە کە نرخی بەنزین بەرز دەکاتەوە."

پاشان جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا بابەتی سەرەکی پاڵاوگەکانن و نووسیویەتی "پاڵاوگەکانی ڕووسیا لەلایەن ئۆکرانیاوە دەتەقێنرێنەوە و پاڵاوگەکانی ئێمەش لە ویلایەتە شینەکان [ئاماژە بەو ویلایەتانەی لە ژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکان]دان وەک کالیفۆرنیا لەلایەن دیموکراتەکانەوە خەریکە دادەخرێن."

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە گواستنەوەی نەوت لە کۆتایی مانگی نۆ بە تێکڕا گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاو کە نزیکەی لەسەدا 80ی ئاستی پێش جەنگە. هەروەها ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەندێ لە ڕۆژەکانی مانگی نۆدا ئاستی پێش جەنگی تێپەڕاندووە.

لە ئەمەریکا پیشەسازی پاڵاوتن لە هەندێک بواردا ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی توانا بووەتەوە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، پاڵاوگەی شاری ڤالێرۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە مانگی چواری ئەمساڵ بۆ هەمیشەیی داخرا و کۆمپانیای فیلیپس 66یش دەستیکردووە بە پرۆسەی داخستنی پاڵاوگەکەی.

بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی بووەتە نیگەرانییەکی ئابووری بۆ بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی کۆنگرێس و نرخەکە گەیشتووەتە 6.53 دۆلار بۆ هەر گاڵۆنێک و حکومەتی ئەمەریکا و ژمارەیەک ویلایەتیش بیر لە ڕێوشوێنەکان دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر نرخی سووتەمەنی.

هەروەها سەرۆک ترامپ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا داوای لە وڵاتانی ئەورووپایی کردووە بەشێک لە یەدەگی فریاگوزاری گازۆیلیان بخەنە بازاڕەوە و ئیدارەکەی بەدواداچوون بۆ ڕێگاکانی زیادکردنی دابینکردنی سووتەمەنی دەکەنەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG