Accessibility links

وەزیری پێشمەرگە بۆ VOA: کورد یارمەتییەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکای بیر ناچێتەوە

وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی ڕۆڵی هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکای کرد لە پشتگیریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕایگەیاند کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا "ڕووداو نەبوو" بەڵکو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی پێشوەختەدا بووە.

دەنگی ئەمەریکا چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تەلەفزیۆنی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل ئەنجام دا.

لە چاوپێکەوتنەکەدا شۆڕش ئیسماعیل ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا هەبووە، لەو چوار ساڵەدا بڕە پارەیەکی زۆری ڕاستەوخۆ بۆ هێزی پێشمەرگە نێردراوە، کە ئەمە بۆ خۆی کاریگەریی هەبووە؛ بەدەر لەوەی چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنانیان چ لە ناوەوەی عێراق چ لە دەرەوەی عێراق بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە. بۆیە دەستخۆشییان لێ دەکەم و کورد لە پای ئەو چاکەیەی ئەوان لەم قۆناغەدا پیشکەش بە هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەمیشە ناویان دەهێنێت و بەڕێزەوە باسی دەکەین."

وەزارەتی جەنگیی ئەمەریکا لە کاتی پرۆسەکانی شەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، لە چەند ساڵی ڕابردوودا جگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی مانگانە و چەک و تەقەمەنی و مەشق و ڕاهێنان، هەروەها هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەی کردووە بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکان.

ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە ساڵی 2024 لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامی دابوو، ڕۆژی 30ـی نۆی 2026 تەواوی هێزەکانی لە خاکی عێراق کشاندەوە کە بۆ شەڕی دژ بە داعش مابوونەوە و بنکەی سەرەکییان لە هەولێر بوو.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی توانای هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە، لەنێوانیاندا هێزی پێشمەرگەی کورد، و ئاماژەیە بۆ ئەوەی عێراق و ئەمەریکا لاپەڕەیەکی گرنگیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانماندا هەڵداوەتەوە."

پێشتر چەند بەرپرسێکی هەرێمی نیگەرانییان لە مەترسی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەربڕیوە. شۆرش ئیسماعیل لەمبارەوە ڕایگەیاند، "نیگەرانی سەرکردایەتی سیاسیی کورد لە کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی و ناسەقامگیری دۆخی ناوچەکە."

وەزیری پێشمەرگە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بە "تاقیکردنەوەیەکی سەخت" بۆ عێراق دانا و ڕایگەیاند، "ئەگەر عێراق و هەرێم بەدروستی مامەڵە لەگەڵ دەستوردا بکەن، کشانەوەی ئەمەریکا مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێم دروست ناکات، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە مەترسی لەبەردەم هەرێمدا نییە."

سەبارەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، وتی "پێشمەرگە یەکی گرتووەتەوە بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە بێ کەموکوڕییە."

شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی دا بەوەی دابەشکاری دەڤەری یەک و دوو "لەسەر بنەمای سەربازییە نەک حزبی یاخود دوو زۆنی جیاواز."

جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی هەوڵەکان، لەگەڵ ئاماژەکردن بە چەندین چاکسازی.

ڕایگەیاند، "لە ڕابردوودا، وێڕای خراپی دۆخی پێشمەرگە، بەڵام ئابونەی حزبییان لێ وەردەگیرا، بەڵام من قەدەغەم کرد...سەنگەر گواستنەوەی پێشمەرگە یەکێک بوو لە دیاردە ناشرینەکان کە من بە بڕیاری وزاری قەدەغەم کرد."

This item is part of
XS
SM
MD
LG