Accessibility links

ڕوبیۆ: ئەمەریکا متمانەی بە ئاسایشی هەموو بنکەکان هەیە

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە کشانەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمەریکا لە بنکەی هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا لە فێرفۆرد، جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا متمانەی بە ئاسایشی هەموو بنکەکانی هەیە و ڕایگەیاند جێبەجێکردنی کەرەستە و هێزەکان ڕێکارێکی نائاسایی نییە.

ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە 5ی مانگی دە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکاری کشانەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ئەمەریکاییەکان لەو بنکەیە، ڕایگەیاند "گواستنەوەی کەرەستە و جوڵە پێکردنی هێزەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی جیهان شتێکی نائاسایی نییە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردەوە "متمانەمان بە ئاسایشی هەموو بنکەکانمان هەیە."

ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا لە مێژە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ بەریتانیا هەیە و بەرپرسانی بەریتانیا هاوکاریان کردووە، لەنێویاندا لە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکانی ڕووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی دەوروبەری بنکەی فێرفۆرد.

وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کشانەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژە ئەمەریکاییەکان هات کە بنکەکەیان لە فێرفۆرد بوو. وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان لەو بنکەیە گەڕاونەتەوە بۆ بنکەکانی خۆیان لە ئەمەریکا.

بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕۆتینی جێگیر دەکرێن بۆ پاراستنی ئامادەیی جیهانی و دابینکردنی پێداویستییە ئۆپەراسیۆنییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، هەروەها هێزە بۆمب هاوێژەکانی ئەمەریکا هێشتا توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دوور مەودایان هەیە لە خاکی ئەمەریکاوە.

کشانەوەی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکان دوای ڕووداوێکی ئەمنی لە نزیک بنکەی فێرفۆرد هات. پۆلیسی بەریتانیا لە 25ی ئۆکتۆبەر پێنج کەسی بە تۆمەتی ئامادەکردنی کردەوەیەکی تیرۆریستی لە نزیک بنکەکە دەستگیرکرد. دواتر بە کەفالەت ئازاد کران.

کاربەدەستانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕەنگە کۆماری ئیسلامی دەستی لەو پیلانەدا هەبێت، بەڵام حکومەتی ئێران ڕەتیکردووەتەوە هیچ دەستوەردانێکی هەبێت. لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

بنکەی فێرفۆرد لە چەند مانگی ڕابردوودا شوێنی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمەریکا بووە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی.

سەرۆک ترامپ پێشتر کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە ئازادکردنی پێنج تۆمەتباری دۆسیەکە کە بە کەفالەت ئازاد کران و ڕایگەیاندبوو "نائومێد بووە" لەو بڕیارە و نەدەبوو بەرپرسانی بەریتانیا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG