Accessibility links

زەیدی بێڕێزیکردن بە ئاڵای ئەمەریکا لەلایەن حەشدی شەعبیەوە سەرکۆنە کرد

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی سەرباز و ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبی کە لە مەراسیمی ڕۆژی سەروەری نیشتمانیدا بەسەر ئاڵای ئەمەریکادا تێدەپەڕن، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو کارەی سەرکۆنە کرد و فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژی تاوانباران دەرکرد.

سەباح نەعمان، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە 4ی مانگی دە ڕایگەیاند کە زەیدی فەرمانی بە لیژنەیەک کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی ئەو بێڕێزییەی کە بەرامبەر ئاڵای ئەمەریکا ڕوویداوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم کارەی سەرکۆنە کرد و جەختی لەسەر پێویستی ڕەچاوکردنی یاسا و رێسا دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە. هەروەها فەرمانی داوە ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بگیرێتەبەر و بە زووترین کات لێکۆڵینەوە تەواو بکرێت و ئەنجامەکانی بخرێتەڕوو.

ڕووداوەکە لە میانەی مەراسیمێکدا ڕوویداوە کە بە بۆنەی کۆتایهاتنی ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق بەڕێوەچووبوو. وێنەکانی ئاژانسی فرانس پرێس نیشان دەدەن کە ئۆتۆمبێلەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بەسەر ئاڵاکانی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا تێدەپەڕن. هەروەها لە ڕێوڕەسمەکەدا ئاڵای کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی نمایشکرا.

هەروەها جۆو ویڵسن ئەندامی کۆماری کۆنگرێسی ئەمەریکا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئەو ڕێوڕەسمە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس ڕەخنەی لە کردەوەکانی حەشدی شەعبی گرت.

ویڵسن بە بڵاوکردنەوەی وێنەی بێڕێزیکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئاڵای ئەمەریکا و پشتیوانیان بۆ کۆماری ئیسلامی لە پەیامێکدا لە ئێکس نووسیبووی "ئەگەر پێویستت بە بەڵگەی زیاتر بوو کە عێراق بووەتە پارێزگایەکی ئێران، ئەوا سەیری ئەم وێنانە بکەن و ناوبراو ڕوو لە سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیبووی "زەیدی ئایا ئەمە تێڕوانینی تۆیە بۆ ئەمەریکا؟."

This item is part of
XS
SM
MD
LG