Accessibility links

ئەکسیۆس: دەیان هەزار هێزی یەمەن بە هاوکاریی سعودیە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی دژی حوسییەکان دەکەن

هێزەکانی حکومەتی یەمەن بە پاڵپشتی سعودیە، ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی بەرفراوانی بەرپەرچدانەوەیان دەستپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتووەتە ژێر دەستی حوسییەکان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەمەن ڕایگەیاندووە دوای تاقیکردنەوەی هەموو بژاردەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و سەرنەکەوتنیان، حکومەتی یەمەن بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی حوسییەکان دەستپێبکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەنگەی باب ئەلمەندەبە کە ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ بازرگانی جیهانی و هەناردەکردنی نەوتی سعودیە. کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە کەنارییەکانی نزیک تەنگەکە، پێگەیەکی بەرچاوی بە حوسییەکان و ئێران بەخشیوە.

دەیان هەزار سەربازی زەمینی حکومەتی یەمەن بەشداری ئۆپراسیۆنەکە دەکەن و سوپای سعودیە پاڵپشتییان دەکات،ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بە دابینکردنی ناوچەی دژە فڕین و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان. ئامانجی کۆتایی ئۆپراسیۆنەکە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری سەنعای پایتەختی یەمەنە کە ساڵانێکە لەژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندایە.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، حوسییەکان هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام بوون لە هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر ئامانجەکانی سعودیە، لەوانەش دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سەر بە دەوڵەتی سعودیە.

سەرەڕای داواکارییەکانی سعودیە، ئەمەریکا هێشتا بەشداری شەڕی ڕاستەوخۆی دژی حوسییەکان نەکردووە و بە وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا تەنیا پشتیوانی هەواڵگری پێشکەشی سعودیە کردووە.

بە گوێرەی ئەکسیۆس، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعودیە، ڕۆژی پێنجشەممە پەیوەندی بە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمەریکاوە کردووە بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر ئۆپەراسیۆنە پلان بۆ داڕێژراوەکە و داوای یارمەتی و هێرشی ئاسمانی ئەمەریکای بۆ سەر حوسییەکان دووپاتکردووەتەوە. هەروەها بەرپرسێکی ئەمەریکایی ڕایگەیاندووە واشنتن "لەم کاتەدا هەنگاوی سەربازی ڕاستەوخۆ ناگرێتەبەر"، بەڵام ئەگەر ئۆپەراسیۆنی یەمەن ببێتە کێشەدار، ئەو سیاسەتە دەتوانێت بگۆڕێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG