Accessibility links

ترامپ 'هێزی ژیریی باڵا' پێکدەهێنێت؛ واشنتن هەوڵدەدات پێشەنگی جیهان بمێنێتەوە لە بواری ژیریی دەستکرددا

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند هێزێکی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە ناوی هێزی ژیریی باڵا پێکهێناوە کە ئەرکەکەی هەماهەنگ کردنی چالاکییەکانی حکومەتی ئەمەریکایە لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ژیری دەستکرد و پاراستنی سەرکردایەتی ئەمەریکا لەم بوارەدا.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی یەکشەممە 4ی مانگی دە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نووسیویەتی ئەم هێزە نوێیە لە دوای رێککەوتنی مێژوویی کۆشکی سپی سەبارەت بە ژیریی باڵا پێکدەهێنرێت؛ ڕێککەوتنێک کە تێیدا گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای جیهان جەختیان لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر گەلی ئەمەریکا کردووەتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە هێزی ژیریی باڵا بەرپرسیار دەبێت لە هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ ئەوەی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە سەرکردایەتیکردنی جیهان لە شتێکدا کە ئیدارەکەی پێی دەڵێت "ژیریی باڵا."

سەرۆک ترامپ لە پەیامەکەیدا پێشهاتەکانی ئەم تەکنۆلۆژیایە بە دیاردەیەک ناو بردووە کە بە بڕوای زۆر کەس دەتوانێ لە شۆڕشی پیشەسازی و سەرهەڵدانی ئینتەرنێت گەورەتر بێت و ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەست لەم دامەزراوەیە پاراستنی بەرژەوەندی ئەمەریکاییەکان و باشترکردنی ژیانیانە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک ترامپ لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث، ئەرکی هێزەکە هەروەها هەماهەنگ کردنی پەیوەندی حکومەتی فیدراڵییە لەگەڵ بەکارهێنەران، گروپەکانی بەرگریکار لە بەرژەوەندی گشتی، ڕێکخراوە ئاینییەکان و دابینکەرانی ژێرخانی گرنگ و کۆمپانیاکانی بواری ژیریی باڵا.

سەرۆک ترامپ ڕایگەیاندووە جەی کڵیتۆن بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی لەگەڵ ئەندرۆ فێرگسۆن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بازرگانی فیدراڵی و ئیمیل مایکل یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ توێژینەوە و ئەندازیاری و بەرپرسی سەرەکی تەکنەلۆژیا و سکۆت کوپەر بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەڕێوەبردنی کارمەندانی فیدراڵی سەرکردایەتی هێزە نوێیەکە دەکەن.

ترامپ وتیشی "هێزی ژیریی باڵا" ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتی کارەکان دەدەنە ئەو و سوزی وایڵز، بەرپرسی کارمەندانی کۆشکی سپی.

This item is part of
XS
SM
MD
LG