بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند هەڵمەتی فشارە ئابوورییەکانی ئەمەریکا پشتی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دەشکێنێت و واشنتنیش خەریکە سەردەکەوێت.
ستیڤن چانگ بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "باوەڕ بەو کەسانە مەکەن کە قسەی نەرێنی دەکەن. هەڵمەتی ئابووری دژی ئێران پشتی سەرکردەکانی ئێرانی شکاندووە و ئەمەریکا خەریکە سەردەکەوێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە نەوت بە رێگەی تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێت و نەوتی ئێرانیش بەهۆی گەمارۆ سەرکەوتووەکەی ئەمەریکاوە بەتەواوی بەری پێگیراوە و هەڵاوسانیش ئابووری ئێرانی پەکخستووە.
چانگ ئەمانەی بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ نووسیوە کە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی لە حەوتەمین مانگی شەڕ لەگەڵ ئەمەریکادا لەژێر گوشارێکی زۆردان و هەڵاوسان گەیشتووەتە نزیکەی 90%، گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا هەناردەی نەوتی پەکخستووە و واشنتنیش کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و 10 هەزار سەربازی نوێ بۆ ناوچەکە ناردووە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، کاریگەری کۆماری ئیسلامی بەسەر تەنگەی هورمزدا لاواز دەبێت و ڕۆیشتنی نەوت لەم ڕێڕەوی ئاوییەیەوە لە ئاستی پێش جەنگ نزیک دەبێتەوە. کۆمپانیای جی پی مۆرگان مەزەندە دەکات کە هەناردەی نەوتی خاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەڕاوەتەوە بۆ 98%ی ئاستی پێش جەنگ.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە کارەساتی ئێران ئەوەیە کە سەرکردەکانی ئەو وڵاتە گرنگی بە دۆخی ژیانی خەڵکەکەی نادەن و تەنیا گرنگی بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی، واتە مانەوەی خۆیان دەدەن.
کۆشکی سپی: گوشاری ئابووری پشتی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی دەشکێنێت؛ ئەمەریکا خەریکە سەردەکەوێت