Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتمانی لە عێراق دەکات

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتیمانیی لە عێراق کرد.

ڕوبیۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردوەتە، دەڵێت سەردانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیری عێراق، بۆ واشنتن لە مانگی حەوت و دیداری لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی، "هاوپەیمانیی توندی نێوان هەردوو گەل و پابەندیی هاوبەشیان بۆ داهاتوویەکی بەهێز و گەش" دووپات کردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەو ڕێککەوتنە ئابوورییانە دەکات کە لە ماوەی سەردانەکەدا ڕاگەیەندرابوون و دەڵێت ئەوانە نیشانەی فراوانبوونی هاوکاریە لەنێوان کۆمپانیا ئەمەریکایی و عێراقییەکان.

ڕوبیۆ دەڵێت ئەمەریکا پێشوازی لە هەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ بەهێزکردنی سەروەریی واڵاتەکە و بەشداریکردن لە هێنانەدی ئاسایش و ئارامی لە سەرانسەری ناوچەکە، "لەم ڕۆژە نیشتیمانییەدا، ڕێز لە مێژوو و خۆڕاگری و دەستکەوتەکانی گەلی عێراق دەگرین و چاوەڕێی بەردەوامبوونی پێشکەوتن و هاوکاریی نێوان هەردوو واڵاتەکەمانین. پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی گەلی عێراق دەکەین لەم کاتەدا کە ئەم یاد و بۆنە گرنگە دەکەنەوە."

پەیامەکەی ڕوبیۆ سێ ڕۆژ دوای ئەوەدێت کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بە فەرمی کۆتاییهێنانی ئەرکەکانی لە عێراق ڕاگەیاند و هێزەکانی کشاندەوە.


This item is part of
XS
SM
MD
LG