Accessibility links

بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئێران و یەمەن کۆدەبنەوە

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە، بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دانیشتنێکی نهێنیان لە کامپی دەیڤید ئەنجامدا بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە ئێران و یەمەن.

ئەسیۆس بە پشتبەستن بە سێ بەرپرسی ئەمەریکایی ئاگادار لە گفتوگۆکان، بڵاویکردەوە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، سەرپەرشتیی دانیشتنەکەی کردووە و مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ، و جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا (CIA)، و ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، و جەنەڕاڵ دان کەین سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا بەشدارییان لە دانیشتنەکەدا کردووە.

ئەو دانیشتنە لە کاتێکدایە کە بەڕیوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ هەنگاوەکانی داهاتووی لە بەرامبەر ئێران هەڵدەسەنگێنێت. یەکێک لەو سەرچاوانە بە ئەکسیۆسی ڕاگەیەندووە کە " بڕیار لەسەر هەندێک بابەت دران یان بەلانی کەمەوە بە تێروتەسەلی گفتوگۆیان لەسەر کرا."

دانیشتنەکە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی فشار لەسەر ئێران و زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە یەمەن. رۆژی هەینی ئاژانسی رۆیتەرز، بە پشت بەستن بە شەش سەرچاوە، بڵاویکردەوە کە عەرەبستانی سعودیە پلانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژ بە حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی و هاوکارییان دەکرێت، دادەرێژێت.

بە پێی سەرچاوەکانی رۆیتەرز چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەست پێ بکات و هێزی یەمەنی بە پشتگیریی هێزی ئاسمانیی سعودی هێرش بکەنە سەر ناوچە کەنارییەکانی دەریای سوور، لەنێویاندا تەنگەی باب ئەلمەندەب.


This item is part of
XS
SM
MD
LG