وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند سزای سەپاندووە بەسەر کەسێکی باڵی سەربازیی حەماس و دوو کەس کە لە فەرەنسا دادەنیشن و دوو دەزگای پەیوەستیش بەوانەوە کە سەرچاوەی دارایی گرنگ بۆ حەماس دابین دەکەن.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕێوشوێنەکانی بوونەتە هۆی ئاشکراکردنی تۆڕێکی دارایی کە ماوەی چەند ساڵێکە کار دەکات و لە ڕێگەی رێکخراوی خێرخوازیی ساختە و پارەی کریپتۆوە زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاریان بۆ حەماس گواستووەتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت ئەم تۆڕە شێوازی کۆکردنەوە و گواستنەوەی پارەی گۆڕیوە بۆ ئەوەی چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە نەکرێت.
وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەش دا کە یەکێک لەو کەسانەی بەم دواییانە سزا دراوە ناوی سەلیم عەبدوڵڵا سەلیم ئەلزقیە. بەگوێرەی وەزارەتەکە، ئەو لە غەززەیە و جێگری فەرماندەی سەربازیی حەماسە.
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سکۆت بێسێنت لە ئێکس نوسیویەتی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەماس پشت بە نێوەندگیری دارایی و پلانی ئاڵۆز دەبەستن بۆ کۆکردنەوەی پارە و بەردەوامیدان بە چالاکییەکانیان.
بێسێنت وتیشی، "دەبێت وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەردەوام بێت لە دەستنیشانکردنی ئەو کەس و لایەنانەی پاڵپشتی دارایی حەماس دەکەن و گۆشەگیریان بکات و سزایان بەسەردا بسەپێنێت."