وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایگەیاند کارمەندێکی ئەندازیار لە وەزارەتی وزە بە تۆمەتی دابینکردنی کەرەستەی تەقەمەنی و درۆن بۆ حوسییەکانی یەمەن دەستگیر کراوە.
ئاشتۆن حامید عەبودی تەمەنی 51 ساڵە و ئەندازیاری کارەبایە لە شاری ڕیچلاند لە ویلایەتی واشنتن. ئێف بی ئای ڕۆژی پێنجشەممە بە تۆمەتی هاوکاری بۆ حوسییەکانی سەر بە ئێران دەستگیری کرد و بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ببردرێتە بەردەم دادوەر.
ئێف بی ئای دەڵێت ئەو تۆمەتبارە ساڵی ڕابردوو سەردانی یەمەنی کردووە و ویستویەتی هاوکاری حوسییەکان بێت لە پەرەپێدانی توانای پەیوەندییان و دروستکردنی تەقەمەنی و درۆن.
بەو پێیەی حوسییەکانی یەمەن لە لیستی گرووپە تیرۆرستییە بیانییەکانی ئەمەریکادایە، ئاشتۆن حامید عەبودی لە دادگا تۆمەتی پشتگیری لە تیرۆری ئاراستە دەکرێت.