وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند تۆڕی بەناو ئەی حەوت ( A7) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووەتە ئامانج و بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سنووردارکردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕۆژی پێنجشەممە،یەکی مانگی دە وتی "وەزارەتی خەزێنە خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژێرخانە داراییانەیە کە ڕێگە بە ئێران و نەیارانی دیکەی ئەمەریکا دەدات بۆ بەدەربازبوون و خۆدزینەوە لە سزاکان و جێبەجێکردنی پارە بە شێوەی نایاسایی و تێکدانی یەکپارچەیی سیستەمی دارایی جیهانی.
بەسێنت وتی کردەوەی ئەمڕۆ دژی ئەی حەوت درێژەپێدەری هەوڵە بێوێنەکانی خەزێنەی ئەمەریکایە بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران و لایەنە داراییەکانی و پەیامێکی ڕوون دەنێرێت کە ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئاسانکاری بۆ دارایی نایاسایی نەیارانی ئەمەریکا بکەیت، ئەوا دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا لەدەست دەدەیت.
تۆڕی ئەی حەوت A7، بەگوێرەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، تۆڕێکی بانکی سێبەرە و پەیوەندی بە ڕووسیاوە هەیە و زنجیرەیەک کۆمپانیا و نێوەندگیری لە وڵاتانی سێیەم بۆ گواستنەوە و شاردنەوەی پارە بەکاردەهێنێت. واشنتن دەڵێت ئەو تۆڕە بە کەڵک وەرگرتن لە بەڵگەنامە بازرگانییە ساختەکان و پەردەپۆشکردنی مامەڵەکان، یارمەتیدەر بووە لە دەربازبوون لە سزاکان و سپیکردنەوەی پارە بۆ ئەکتەرە جیاوازەکان، لەوانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران و ئەو گروپانەی کە تاران پشتیوانیان لێدەکەن.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە پۆستێکی دیکەدا ئەو ڕێوشوێنانەی وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری ناو برد و وتی توانای کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی دارایی بۆ دروستکردنی بشێوی و شەڕ و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهاندا زۆر کەم بووەتەوە.
بەسێنت وتی ڕێوشوێنە نوێیەکە ڕاستەوخۆ ئەو لایەنانە دەکاتە ئامانج کە یارمەتی تاران دەدەن و ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئەمەریکا و هاوبەشەکانی پێکەوە کاربکەن بۆ بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی کۆماری ئیسلامی.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە ئەو ڕێوشوێنانەی ئەم دواییانە لە چوارچێوەی هەڵمەتی گوشاری ئابووری لە دژی کۆماری ئیسلامی و ئەو تۆڕە داراییانە گیراوەتەبەر کە بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان بەکاری دەهێنن . بەگوێرەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، تۆڕەکە بۆ گواستنەوە و شاردنەوەی سەرچاوە داراییەکان، لەو کۆمپانیانەی کە بنکەیان لە وڵاتانی سێیەم هەیە کەڵکیان وەرگرتووە.
وەزارەتەکە دەشڵێت بریکارەکانی پەیوەست بە تۆڕی ئەی حەوت زیاتر لە 17 ملیار دۆلار مامەڵەیان لەسەر ئاستی جیهانی لە نێوان مانگی یەکەمی 2025 تا مانگی شەشی 2026 جێبەجێکردووە.