Accessibility links

خشتەی گرنگترین ساتەکانی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق

زیاتر لە دوو دەیەی بوونی لەشکری ئەمەریکا لە عێراق بە زۆرێک گۆڕانکاریدا تێپەڕبوو: سەرەتا بە ئۆپراسیۆنی لەشکری پرۆسەی ئازادی عێراق لە 2003 دەستی پێکرد کە سەدام حوسێنی دیکتاتۆری لە دەسەڵات لادا؛ دواتر پاش چەندین ساڵ ململانێ، هێزی شەڕکەری ئەمەریکا لە ساڵی 2011 لە عێراق کشایەوە و پاشان بەهۆی سەرهەڵدانی داعش جارێکی تر لە ساڵی 2014 لە سەر داوای وڵاتەکە گەڕایەوە عێراق.

دوێنێ چوارشەممە، 30ـی هەشتی 2026، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمەریکا و کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراق ڕاگەیاند.

ئێستا لەگەڵ کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چەند کاتێکی سەرەکی پرۆسەی ئازادی عێراق و مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵدا بەبیر دێنینەوە.

مانگی 10ـی 2002

کۆنگرێس یاسایەکی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی ڕژێمی عێراق پەسەند کرد و لە 16ـی دەی 2002 سەرۆک جۆرج دەبلیو بوش واژۆی کرد.

1ـی سێی 2003

هاوکاتی کۆکردنەوەی هێزی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە نزیک سنوورەکانی باشووری عێراق، هێزی تایبەتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دابەزین بە مەبەستی کردنەوەی بەرەیەک لە باکوورەوە، ئەمەش پاش ئەوەی لە یەکی مانگی سێدا پەرلەمانی تورکیا ڕەتی کردەوە هێزی پیادەی هاوپەیمانان لە تورکیاوە بچنە ناو خاکی عێراقەوە.

19ـی سێی 2003

پرۆسەی ئازادی عێراق دەستیپێکرد و هێزەکانی ئەمەریکا لە باشورەوە چوونە ناو عێراق و بەرەو بەغدا پێشڕەوییان کرد.

9ـی چواری 2003

هێزە زەمینییەکانی ئەمەریکا گەیشتنە بەغدای پایتەخت و بە ڕووخاندنی پەیکەری سەدام حسێنی دیکتاتۆری عێراق، کۆتاییان بە ڕژێمی بەعس هێنا.

13ـی چواری 2003

‌هێزە زەمینییەکانی ئەمەریکا گەیشتنە شاری تکریت و دواین هێزی سەربازیی عێراقیان بەزاند و شەڕکردن لە تەواوی عێراق کۆتایی هات.

1ـی پێنجی 2003

جۆرج دەبلیو بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنە سەرەکییە سەربازییەکانی ڕاگەیاند.

لە مانگی پێنجدا هێزە هاوپەیمانەکان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستەڵاتی کاتیی هاوپەیمانیان بۆ حوکمڕانیکردنی عێراق ڕاگەیاند.

15ـی پێنجی 2003

هێزەکانی ئەمەریکا ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی 260 بەرپرسیان لە پاشماوەکانی ڕژێمی عێراق ئەنجام دا.

مانگی پێنجی 2003

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 1483ـی دەرکرد کە بە فەرمی حوکمڕانیکردنی عێراق کەوتە ژێر دەستەڵاتی هێزە هاوپەیمانەکان.

22ـی حەوتی 2003

قوسەی و عودەی، کوڕەکانی سەدام حسێن، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە شاری موسڵ کوژران.

3ـی نۆی 2003

یەکەم حکومەتی کاتیی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن دامەزرا.

16ـی دەی 2003

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆی دەنگ ئەنجومەنی کاتیی حوکمڕانی عێراقی وەک ئیداری کاتیی عێراق ناساند.

13ـی دوازدەی 2003

‌‌‌هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا سەدام حسێنیان لە نزیک تکریت دەستگیکرد.

28ـی شەشی 2004

هێزە هاوپەیمانەکان دەستەڵاتی حوکمڕانییان ڕادەستی حکومەتی کاتیی عێراق کرد.

1ـی حەوتی 2004

دادگاییکردنی سەدام حسێن دەستی پێکرد.

مانگی یەکی 2005

عێراق یەکەم هەڵبژاردنی ئازادی ساز کرد و پەرلەمان دامەزرێنرا و دواتر حکومەت دروست کرا.

10 یەکی 2007

سەرۆک بوش ناردنی 30 هەزار سەربازی زیاتری بۆ عێراق ڕاگەیاند.

مانگی یازدەی 2008

پەرلەمانی عێراق رێکەوتننامەی ئاسایشی لەگەڵ ئەمەریکا پەسەند کرد کە یەکێک لە بەندەکانی بریتیی بوو لە کشانەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی ساڵی 2011ـدا.

مانگی دەی 2011

کۆتاییهاتنی شەڕی عێراق و کشانەوەی هێزە سەربازییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵ ڕاگەیەندرا.

مانگی دوازدەی 2011

دوایین سەربازی ئەمەریکا عێراقی بەجێ هێشت.

مانگی یەکی 2014

چەکدارەکانی داعش شاری فەلوجە و ناوچەی دیکەیان لە پارێزگای ئەنبار داگیرکرد و پاشانیش شاری موسڵ کەوتە ژێر دەستی داعش.

سەرەتای مانگی هەشتی 2014

ئەمەریکا لە سەر داوای عێراق هێرشەکانی لە دژی داعش لە باکوری عێراق دەستپێکرد.

5ـی هەشتی 2014

ئەمەریکا چەکی بۆ هێزی پێشمەرگە دابین کرد.

8ـی هەشتی 2014

ئەمەریکا هێرشی ئاسمانی لەدژی داعش دەستپێکرد.

مانگی دوازدەی 2017

کۆتایی بە چەکدارنی داعش لە عێراق هێنرا. هەروەها ئەمەریکا هەتا مانگی سێی 2019 بڕی 3.5 ملیار دۆلاری لە کۆمەککردنی هێزەکانی عێراق دژ بە داعش خەرج کرد.

ساڵی 2024

حکومەتی ئەمەریکا و عێراق ڕێککەوتن کە هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی نۆی 2026 لە عێراق دەربچن.

30ـی نۆی 2026

بە فەرمی دوایین سەربازی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا عێراقیان بەجێهێشت.


This item is part of
XS
SM
MD
LG