فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئەو وڵاتە و سەرباز و کەلوپەلەکانی ئەمەریکا لە بنکەی ئاسمانی هەولێر بە ڕێکوپێکی کشاونەتەوە و کۆتاییان بە ئەرکی ئۆپەراسیۆنی ئێرادەی پۆڵایین لە عێراق هێناوە.
لە بەیاننامەکەی سێنتکۆمدا کە لە ئیکس بڵاویکردووەتەوە، هاتووە هێزی هاوپەیمانی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین دوای ئەم کشانەوەیەش وەک خۆی چالاک دەمێنیتەوە و لە ئێستادا بارەگاکەی لە ئوردنە.
بە گوێرەی بەیاننامەکە هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە ئەرکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی سوریا.
ئەم هێزە هاوبەشە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکاوە بۆ ڕاوێژکاری و هاوکاری سەربازی پێکهێنرا لە شەڕی داعش لە عێراق و سوریا.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم وتی "دەستخۆشی و ماندوو نەبوون دەکەم لە دەیان هەزار ئەندامی هێزە سەربازی و دیپلۆماتکار و کارمەندی مەدەنی ئەمەریکایی کە بەشدار بوون لە ئەرکەکەیان لە عێراق."
وتیشی "بەهۆی کۆڵنەدان و خۆبەخشی و پیشەیی بوونی ئێوە، دەوڵەتی ئیسلامی ئیتر هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، ئێستا توانای و سەرکردایەتی و سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆنیان هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆیانە بەرنگاری هەڕەشەکانی سەر زێدی خۆیان ببنەوە."
کوپەر وتی "لەکاتێکدا ئێمە هەنگاو دەنێین و بەرپرسیارێتی سەرەکی ئاسایشی عێراق ڕادەستی حکومەت و گەلی ئازای عێراق دەکەین، هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا جێگیرکراون، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە."
بەگوێرەی هەمان بەیاننامە، بنکەی ئاسمانی هەولێر ناوەندی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم هێزە تایبەتە بووە و زۆربەی ئەو هەزار و 500 هێزی ئەمەریکایی و هاوپەیمانانی تێدابووە کە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بوون.