Accessibility links

ئەو 5 کەسەی لە بەریتانیا بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرابوون بە کەفالەت ئازاد کران

پۆلیسی بەریتانیا لە لێدوانێکدا دەڵێت کە ڕۆژی دووشەممە ئەو پێنج هاووڵاتییە بەریتانیاییەی لە نزیک بنکەی ئاسمانیی ڕاف فەیەرفۆردی ئەمەریکایی دەستگیر کران و بە تۆمەتی هەوڵی کاری تیرۆرستی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرا، بە کەفالەت ئازاد کراون.

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە لە چەند ئاستێکدا لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکرێت، لە ناویاندا ئەگەری هەبوونی پەیوەندییان بە ئێرانەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بنکەی ڕاف فەیەرفۆرد لە پێشتردا چەند جارێک بووە ئامانجی خۆپیشاندەرانی دژە شەڕی ئێران-ئەمەریکا.

پۆلیس لە بارەی ناسنامەی کەسەکانەوە گوتوویەتی ''هەموویان هاووڵاتیی بەریتانیان و لە بیستەکانی تەمەنیاندان.'' بەڵام زانیاریی زیاتری نەخستووەتە ڕوو.

هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی ڕۆژنامەواناندا گوتی ''بەم زووانە زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە دەخرێتە ڕوو.''

شایەنی باسە کە بەریتانیا بەشداری لە هێرشەکانی سەر ئێران نەکرد کاتێک هەردوو ئەمەریکا و ئیسرائیل بەهاوبەشی هێرشیان بۆ سەر ئەو وڵاتە دەست پێکرد، بەڵام ڕێگەی بە ئەمەریکا دا بۆ ئەوەی خاکەکەی بەکار بهێنێت.

لە هەمان بنکەی ئاسمانییەوە کە 160 کیلۆمەتر لە لەندەنی پایتەختەوە دوورە، فڕۆکەی B-52ی ئەمەریکی هەڵدەفڕی و بۆمبارانی ئێرانی دەکرد.

This item is part of
XS
SM
MD
LG