پۆلیسی بەریتانیا لێکۆڵینەوە لە پێنج گومانلێکراو دەکات بە تۆمەتی ئەنجامدانی کردەوەی تەقینەوە و تیرۆر، پاش دەستگیرکردنیان لە نزیک بنکەیەکی ئاسمانیی کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەکاردەهێنرێت بۆ هێرشکردنە ئێران.
پۆلیس ئەو کەسانەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستگیر کرد، دوای ئەوەی زانیاری پێ گەیشت لەبارەی بەڕێکەوتنی سێ ئۆتۆمبێلی جۆری ڤانی سپی بەرەو بنکەی سەربازی ئاسمانیی ڕاف فێرفۆرد لە خۆرئاوای ئینگلتەرا.
پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو ئەو بکەیە "ئامانجێکی ڕەوایە" بۆ ئێران لەبەرئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا بەکاری دەهێنن بۆ هێرشەکانیان.
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند گومانلێکراوەکان ویستوویانە "زیانی گەورە" بگەیەنن و پێشتر لەلایەن دەستەڵاتدارانی بەریتانیا و ئەمەریکاوە لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.
لێکۆڵەرانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەریتانیا هیچ وردەکارییەکان لەبارەی گومانلێکراوەکان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە هەبوونی پاڵنەری پەیوەست بە ئێرانەوە وەک ئەگەرێکی بەهێز تەماشا دەکرێت؛ لە کاتێکدا ئەگەری ئۆپراسیۆنێکی تێکدەرانەی ڕوسیا یاخود پیلانێکی ئیسلامییەکانیش بەهەند وەرگیراوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی وت ئەو کەسانە لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری دەستگیر نەکراون، هەرچەندە ئاسایش لە بنکەکە لە پێش ڕووداوەکەدا زیاد کرابوو.