Accessibility links

دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیاری ئێران ترامپ باسی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاند پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەستپێبکاتەوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیارێکی ئێران لەلایەن ترامپەوە.

دۆناڵد ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا بە ئەکسیۆسی وت "پێشبینی دەکەم لەم هەفتەیەدا وتووێژی زیاتر لەگەڵ ئێراندا بکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد تاران ڕێککەوتنێکی دەوێت، بەڵام ئەو پێشنیارەی ئێران پێشکەشی کردووە، کەمترە لەوەی واشنتن دەیەوێت و ئەگەر ساڵێک پیش ئێستا بوایا ڕەنگە قبوڵم بکردبا، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە.

نێوەندگیرانی قەتەر لە هەوڵی زیندووکردنەوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانن و دوو سەرچاوە بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە پێدەچێت خولی نوێی دانوستانەکان لە ڕۆژی دووشەممەوە دەستپێبکەنەوە.

هەردوولا لەسەر پرسە سەرەکییەکان تا ئێستا ناکۆکییان هەیە. ئێران دەیەوێت دانوستانەکان لەسەر کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتایی هێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بێت، هاوکات ئیدارەی ترەمپ پێداگری لەسەر وەرگرتنی ئیمتیازاتی ئەتۆمی لە تاران دەکات.

ترامپ هەروەها لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا بیر لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەکاتەوە، وتی "هەموو کاتێک بیر لێدەکەمەوە."

لەلایەکی دیکەوە ترامپ ڕایگەیاند سوپای ئەمەریکا هاوکارە بۆ گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز و وتی لە کۆتایی هەفتەدا زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو ڕێگایەدا تێپەڕیوە. هەروەها بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند تا ئێوارەی هەینی نزیکەی 22 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تەنگەی هورمزەوە گوازراوەتەوە.

لە خولی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجەکانی تارانی بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی بە ستیڤ ویتکۆڤ و جەرێد کوشنەر نێردراوانی ئەمەریکا گەیاند.

بەگوێرەی ئەکسیۆس، ئێران پێشنیاری کردبوو لە ماوەی هەفتەیەکدا تەنگەی هورمز بکاتەوە و دانوستانە ئەتۆمییەکان دەستپێبکاتەوە، ئەگەر ئەمەریکا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت و سزای نەوتی هەڵبگرێت و ئاگربەست لە ناوچەکەدا دابمەزرێنێتەوە.

ترامپ ڕۆژی شەممە ئەو پێشنیارەی ڕەتکردەوە.

بەڵام هێشتا بەرپرسانی قەتەر و نێوەندگیرانی دیکەی ناوچەیی لە نێوان تاران و واشنتن لەهاتوچوودان بۆ ئەوەی هەوڵی لێکنزیککردنەوەی ئەو دوو لایەنە بدەن.

عەباس عەراقچی ڕۆژی یەکشەممە بە کەناڵی ئێن بی سی ڕاگەیاند کە ئێران هێشتا چارەسەری دیپلۆماسی دەوێت و ئامادەیە بۆ دانوستان. ئاماژەی بەوەشکرد تاران هێشتا چاوەڕێی وەڵامی فەرمی ئەمەریکایە لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG