حکومەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاو کردەوە، تێیدا ڕایگەیاند "زۆر نائومێدە" لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە، بەڵام ئەو هەنگاوە نابێتە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندی مێژوویی ئەمەریکا لەگەڵ گەلی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە مێژوییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی تێپەڕ دەبێت.
لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هێزەر نەورێت، لە بەرواری 25ـی نۆی 2017 بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا زۆر نائومێد بووە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ئەمڕۆ ڕیفراندۆمێکی تاکلایەنانە بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، لەنێویاندا لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق. پەیوەندی مێژوویی ئەمەریکا لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەژێر ڕۆشنایی ڕیفراندۆمی ناپابەندکەری ئەمڕۆدا ناگۆڕێت، بەڵام پێمان وایە ئەم هەنگاوە ناسەقامگیری و سەختی بۆ هەرێمی کوردستان و گەلەکەی زیاتر دەکات."
لە بەیاننامەکەی ئەوکاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، "ڕیفراندۆمە تاکلایەنەکە پەیوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ زۆر ئاڵۆزتر دەکات. شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و گرووپە توندڕەوەکان بە دوای قۆستنەوەی ناسەقامگیری و ناتەباییدان لە ناوچەکەدا. پێمان وایە پێویستە هەموو لایەنەکان بە شێوەیەکی بنیاتنەرانە بەشداری گفتوگۆیەک بکەن بۆ باشترکردنی داهاتووی هەموو عێراقییەکان. ئەمەریکا دژی توندوتیژی و هەنگاوە تاکلایەنەکانە بۆ گۆڕینی سنوورەکان، جا لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت."
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا هاتووە، "ئەمەریکا پشتیوانی عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ و دیموکراسی و ئاوەدان دەکات و بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای دەرفەتەکاندا بۆ هاوکاریکردنی عێراقییەکان بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان لە چوارچێوەی دەستووردا."
چوار ڕۆژ دوای ئەم بەیاننامەیە، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، ڕێکس تێلەرسن، لە ڕۆژی 29ـی نۆی 2017 بەیاننامەیەکی تری بڵاو کردەوە، تێیدا دەڵێت "حکومەتی ئەمەریکا دان بەو ڕیفراندۆمە تاکلایەنەدا نانێت."
تێلەرسن لە بەیاننامەکەدا داوای مامەڵەی ئاشتیانە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات و دەشڵێت، "داوای ئارامگرتن و کۆتاییهێنان بە زمانی تۆمەت و هەڕەشەی وەڵامدەرەوە دەکەین. داوا لە دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق دەکەین کە ڕێز لە دەستەڵاتە دەستورییەکانی حکومەتی ناوەندی بگرێت و داوا لە حکومەتی ناوەندیش دەکەین کە هەڕەشە یان تەنانەت ئاماژەش بە ئەگەری بەکارهێنانی هێز ڕەت بکاتەوە. ئەمەریکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، بە دراوسێکانی عێراقیشەوە، کردەوەی تاکلایەنانە و بەکارهێنانی هێز ڕەت بکەنەوە."