بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی "دەمەوێت بە وردی گوێ لە قسەکانم بگرن. ڕۆژێک و لەوانەیە ئەو ڕۆژەش زۆر دوور نەبێت، خەڵکی ئێران ئازاد دەبن."
وتیشی "ڕژێمه مرۆڤ کۆژەکەی ئێران بەهۆی درۆ و گەندەڵی و دڕندەییەوە دەڕوخێنرێت. ئەم حکومەتە خراپە دەڕوخێت و هەموومان ئەو ڕۆژە ئاهەنگ دەگێڕین."
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نمایشکردنی ئامێرێکی ستارلینک وتی کۆماری ئیسلامی زۆر دەترسێت کاتێک گەلەکەی ئەمەیان هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد ستارلینک دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی ڕادەربڕین دەداتە خەڵک و ئاسانکاریان بۆ دەکات دەنگیان بگەیەنە دەرەوە.
نەتانیاهۆ وتی "هەر بۆیە ڕێژیمی ئێران ملیۆنان و ملیارەها دۆلار بۆ سانسۆرکردنی ئینتەرنێت خەرج دەکات. ناوبراو بە سەرۆکی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت "من ئەم ئامێرە لای ئێوە جێدەهێڵم بۆ ئەوەی بیدەن بە شاندی ئێران، بۆ ئەوەی کە درەنگ یان زوو ئەگەر لە ڕژێم جیا بوونەوە، بە ئازادی بتوانن لە سۆشیال میدیادا چیرۆکی خۆیان باس بکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نەتانیاهۆ تۆمەتی جینۆسایدی ئیسرائیلی ڕەتکردەوە و وتی "ئیسرائیل جینۆسایدی ئەنجام نەداوە و ئیسرائیل ڕێگری لە جینۆساید کردووە."
بە ڕەخنەگرانی ئیسرائیلی وت "شەرمەزار بن کە ڕاستییەکانتان شێواندووە، شەرمەزار بن کە ڕۆڵی قوربانی و دەستدرێژکارتان گۆڕیوە."
نەتانیاهۆ بە زوهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک-ی وت "ئێوە چەندین جار ئیسرائیلتان بە جینۆساید تۆمەتبار کردووە، هەوڵتاندا ڕێگری لە هاتنم بۆ ئێرە بکەن، هەوڵتان دا بێدەنگم بکەن، بەڵام ناتوانن بێدەنگم بکەن، ناتوانن ڕاستییەکان کپ بکەن."
هەروەها وتی "ئەو ڕۆژانەی جووەکان بێ دیفاع بوون کۆتایی پێهات، ئەمڕۆ وڵاتێکمان هەیە، سوپایەکمان هەیە و میللەتێکمان هەیە کە ئامادەیە و ئیرادەی بەرگری لە خۆی هەیە." نەتانیاهۆ بە جووەکان جیهانی وت "سەرتان بەرز بکەنەوە، شانازی بەخۆتانەوە بکەن، متمانەتان بەخۆتان هەبێت و مەترسن."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها وتی "مێژووی گەلەکەم، گەلی جوو بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەمڕۆ ئێمە بە هەمان زمان قسە دەکەین کە ئەوکات قسەمان پێکردووە و لە هەمان خاکدا دەژین کە باوباپیرانمان تێیدا ژیاون، ئەمە خاکی ئێمەیە؛ خاکی ئیسرائیل."
وتیشی بەهاکانی گەلی جوو، لەوانەش "باوەڕبوون بە یەک خودا، پیرۆزی ژیان، سەروەری یاسا و بەدواداچوون بۆ ئاشتی و دادپەروەری"، بۆ هەزاران ساڵە ئیلهامبەخشن بۆ مرۆڤایەتی.