دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند تورکیا و بەنگلادیش لەسەر کڕینی 111 فڕۆکەی بۆینگ ڕێککەوتوون و هەروەها پێشبینیش دەکات 50 فڕۆکەی دیکەش زیاد ببن بەم رێککەوتنە.
سەرۆک ترامپ ئەو گرێبەستانەی بە "ڕۆژێکی گەورە بۆ کۆمپانیای بۆینگ و بەرهەمهێنانی ئەمەریکایی" ناو بردووە. ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث ئاماژەی بەوە کردووە گرێبەستەکان بە پاڵپشتی وەزیری بازرگانی و وەزارەتەکەی ئەنجامدراون.
سەرۆک ترامپ بەهای فرۆشی ئەو گرێبەستانەی بە دەیان ملیار دۆلار خەمڵاندووە و ڕایگەیاندووە هەناردەکردنی فڕۆکەی بۆینگ لە ئەمەریکاوە دەتوانێت پاڵپشتی دەیان هەزار هەلی کار لەم وڵاتە بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای بۆینگ، هێڵی ئاسمانی تورکیا داوای کڕینی 100 فڕۆکەی بۆینگ 737 مەکسی کردووە هەروەها داوای 50 فڕۆکەی دیکەشی کردووە بۆ کڕین لە جۆری دیکە.
هەروەها کۆمپانیای نیشتمانی هێڵی ئاسمانی بەنگلادیش،داوای بۆ کڕینی 11 فڕۆکەی بۆینگی کردووە.
سەرۆک ترامپ وتی "کاتێک لە ئەمەریکا بەرهەم بهێنیت و لە ئەمەریکاوە هەناردە بکەیت و پشتگیری کرێکارانی ئەمەریکایی بکەیت، کۆمپانیاکانتان بەهێزتر دەکەن."