Accessibility links

بەسێنت: کۆماری ئیسلامی وەک ئاژەڵێک وایە کە گیری خواردووە و دواجار هەر خۆی ڕادەست دەکات

سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە 23ی مانگی نۆ ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریدا گەشتە دەرەکییەکان لە ئێرانەوە بە ڕێژەی 80 بۆ 90 لەسەد کەمکراونەتەوە.

بەسێنت وتی کۆماری ئیسلامی لەژێر فشاری ئەمەریکادایە لە ئاستێک کە پێشتر هەرگیز نەبینراوە.

وتیشی دڵنیا نییە شاندەکەی کۆماری ئیسلامی کە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتوونەتە نیویۆرک، چۆن دەگەڕێنەوە ئێران.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا وتی ئەمەریکا دەزانێت کێ و چ کۆمپانیایەک پارە بۆ کۆماری ئیسلامی دابین دەکەن و بازرگانی لەگەڵ دەکەن و کاڵایان بۆ دابین دەکەن. وتیشی ئێمە دەزانین ئێوە کێن و چی لایەنێکن و بەزوویی لێپێچینەوەتان لەگەڵ دەکەین و کۆمپانیا و هەژمارە بانکییەکانتان دەدۆزینەوە.

بەسێنت وتی کۆماری ئیسلامیی لە "ئاژەڵێک لە شوێنێکی تەنگدا" دەچێت و وتی ڕوون نییە فشارە ئابوورییەکان کەی و چ کاتێک کۆماری ئیسلامی ناچار دەکەن ڕێککەوتن قبوڵ بکات. وتی بەڵام کۆماری ئیسلامی لە کۆتاییدا خۆی ڕادەست دەکات.

بەسێنت هەروەها ئاماژەی بە هاوکاری ئیمارات لەگەڵ ئەمەریکا کرد و وتی هاوبەشەکانمان لە ئیمارات کارێکی زۆر باشیان کردووە و ئاماژەی بەوەشکرد ئیمارات یارمەتی ئەمەریکای داوە لقەکانی دووەم گەورەترین بانکی میسر دابخات کە بە وتەی خۆی یەک ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری بۆ ئێران گواستووەتەوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا هەروەها سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی وتی ئەمجارە ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت، دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوان پێیەوە پابەند دەبن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG