لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە و باسیان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق و هەروەها بارودۆخی ناوخۆی سوریا کرد.
لە نێوان بەشداربوواندا، جین شاھین سیناتۆری دیموکرات و ئەندامی پایەبەرزی لیژنەی دەرەوەی سینات بوو. بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سیناتۆر شاھین، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و سوریا کرا و جەخت لەسەر ژمارەیەک بابەت کراوەتەوە، لەوانە پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پرۆسەی سیاسی و بەردەوامبوونی هاوکاری دژی داعش.
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی گفتوگۆکە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بوو. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سیناتۆر شاھین داوای جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە.
ئەمە یەکەم جار نییە ئەو بابەتانە لەگەڵ ئەحمەد شەرع باس دەکرێن، دوو مانگ لەمەوپێش ژمارەیەک لە سیناتۆران لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ناتۆ لە تورکیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوەیان هەبوو و هەمان ئەو پرس و بابەتانەیان خستبوونە بەرباس.
سیناتۆر جین شاھین لە چەندین ڕاگەیاندنی پێشووشدا جەختی لەسەر گرنگی بنیاتنانەوەی سوریا و بەشداریی سیاسیی هەموو پێکهاتەکان و پاراستنی مافی کەمینەکان و بەردەوامبوونی هاوکاری دژی داعش کردووەتەوە.
ئەو کۆبوونەوانە نیشان دەدەن کە زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێس پشتگیری لە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی کە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە هاوکات دەبێت لەگەڵ چاکسازیی سیاسی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات.