لە کاتێکدا کە شی ژینگ پینگ سەرۆکی چین ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە واشنتن، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سینات لە هەردوو پارتەکە نیگەرانییان سەبارەت بە هەندێک لە پرسیارە سەرەکییەکانی پەیوەست بە چین دەربڕی.
ئەندامانی هەردوو پارت لە وتارەکانیان لە هۆڵی سینات باسیان لەو بابەتانە کرد کە دەیانەوێت سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە دیداری لەگەڵ شی ژینگ پینگدا بیانخاتە بەر باس، لەوانە ژیری دەستکرد و هەناردەکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و دۆخی تایوان و مافی مرۆڤ و ماددەی فێنتنێڵ و هەروەها پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ ئێران و ڕووسیا و کۆریای باکوور.
لە نێوان ئەو سیناتۆرانەدا، چەک شومەر سەرکردەی دیموکراتەکان لە سینات جەختی لەسەر گرنگی ڕێگرتن لە دەستگەیشتنی چین بە چیپ و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ژیری دەستکرد کردەوە و تی،" ڕێگرتن لە چین لە بەدەستهێانی ئەو چیپ و ئامێرانەی کە زۆر پێویستی پێیانە، باشترین ئامرازمانە بۆ سنووردارکردنی ویستی چین لە بواری ژیری دەستکرددا. بۆیە پێویستە ترامپ بە ڕوونی بە سەرۆکی چین بڵێت کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ژیری دەستکردی ئەمریکا بابەتی گفتوگۆ و مامەڵە نییە."
سیناتۆر ڕۆجەر ویکەر، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی سینات، جەختی لەسەر دۆخی ئیگۆرەکان لە هەرێمی شینجیانگ کردەوە و وتی، " نزیکەی دە ساڵە، سەرۆکی چین زیاتر لە یەک ملیۆن ئیگۆری ناردووەتە کامپەکانی بەندکردن لە هەرێمی شینجیانگی چین. هیوادارم سەرۆکمان ئەم سەردانە بە دەرفەتێک بزانێت بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی ئیگۆر."
لە هەمان کاتدا، دیک دەربن، سیناتۆری دیموکرات، باس لەوە کرد کە ناکۆکییەکانی واشنتن و بەیجیندا هەن،" بێگومان چەندین ناکۆکییمان لەگەڵ چین هەیە. لەوانە دۆخی تایوان و هەڵسوکەوتی چین بەرانبەر هاوپەیمانەکانمان و جەنگی ئۆکرانیا و، سیخوڕی لەبواری ئابووریدا و کێشەی فێنتنێل و ئازادییە سیاسییەکان و مافی مرۆڤ."
تێد بەد سیناتۆری کۆماری ئاماژەی بەو ڕاپۆرتانە دا کە دەڵێن چین زانیاری هەواڵگری وەک، وێنەی مانگی دەستکرد، بە ئێران داوە.
پاش وتەی سیناتۆرەکان، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان، وتی" پەیوەندییەکانی واشنتن و بەیجین داهاتووی سەدەی 21 دیاریدەکەن. ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت نابێت لە بەرزترین ئاستدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، هەڵوێستێکی نابەرپرسیارانەیە و ئەوە شتێکی بێمانایە."