Accessibility links

ویتکۆڤ سەبارەت بە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئەمەریکا و ئێران لە نیویۆرک: کاری نێوەندگیران بەردەوامە

ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند دانوستانە درێژخایەنەکانیان لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە بەڕێوەچووە و هیوای خواست ئەم خولەی دانوستانەکان "بنیاتنەر و ئومێدبەخش" بن.

ویتکۆڤ ئێوارەی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی نێوەندگیرییەکان بە درێژایی ڕۆژەکە لە نێوان هەردوولادا دەهاتن و دەچوون و "بە سەرکەوتوویی" خولێکی دانوستانەکانیان کۆتایی پێهێناوە.

جەختیشی کردەوە "هیوادارین ئەم گفتوگۆیانە بنیاتنەر و ئومێدبەخش بن."

ویتکۆڤ بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان سەبارەت بە بابەتەکانی دانوستانەکان یان کام وڵاتان نێوەندگیریان کردووە،بخاتەڕوو، وتی "نێوەندگیرەکان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان."

ئەم پەیامە دوای ئەوە هات کە سەرۆک ترامپ لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و سەرکردەکانی دیکەی ناوچەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کۆبوونەوەیەکی "زۆر بەرهەمدار" لە نێوان ویتکۆڤ و جەرێد کوشنەر لەگەڵ نێوەندگیران پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوەچووە.

سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، وتی "با بزانین چی ڕوودەدات، ئەوان ماوەیەکە نێوەندگیری دەکەن، بەڵام پێموایە پەلەیەکی زۆر هەیە بۆ بەدەستهێنانی ڕێککەوتن و ئەمەش ئەوە شتەیە کە لە زۆر کەس دەیبیستم."

سەرۆک ترامپ بە ئاماژەدان بە وتارەکەی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها وتی ئەمەریکا "زەربەیەکی قورس"ی لە کۆماری ئیسلامی داوە.

ناوبراو ئابووری ئێرانی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر خراپ و دژواردا ناودێر کرد و هیوای دەربڕی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی شتێک بکەن کە بەڕاستی سوودی بۆ گەلەکەیان هەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG