Accessibility links

ڕۆیتەرز: بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ بەنیازە سزا بخاتە سەر دادگای تاوانی نێونەتەوەیی

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار بڵاویکردووتەوە بەڕێوبەرایەتی ترامپ خەریکی ئامادەکارییە بۆ سزا خستنە سەر دادگای تاوانی نێونەتەوەیی و بەنیازە بەم زووانەش سزاکانی ڕابگەیەنێت.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕۆژی دووشەممە 21ی مانگی نۆ ڕایگەیاند حکومەتی ئەمەریکا داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستگیرکردن دەکات کە دژی بەرپرسانی ئیسرائیل دەرچووە و هەروەها دژی لێکۆڵینەوەکانی پێشووی دامەزراوەکەیە لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە مانگی حەوت هەڵمەتێکی بۆ گۆشەگیرکردنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و داوا لە وڵاتانی دیکە کرد لەو دامەزراوەیە بکشێنەوە. ئەمەریکا پێشتر سزای بەسەر چەند دادوەر و داواکاری گشتی ئەو دادگایەدا سەپاندبوو.

هەروەها ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ بە پشت بەستن بە بەرپرسان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە دەکرێت لەم هەفتەیەدا و هاوکاتی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بڕیاری کۆتایی لەسەر سزاکان بدرێت. بڕیارە سبەی سێشەممە سەرۆک ترامپ وتارێک لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بکات، هەروەها لە ماوەی دوو ڕۆژەی مانەوەی لە نیویۆرک چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و ناوچەیی ئەنجام بدات.

سزادانی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی بە گشتی دەتوانێت لێکەوتەی زۆری هەبێت و ئەگەر وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزاکان بسەپێنێت، ئەوا هاووڵاتیان و کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان بەبێ مۆڵەتی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، قەدەغە دەکرێن لە پێشکەشکردنی پارە، کاڵا یان خزمەتگوزاری بە دادگاکە.

دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە ساڵی 2002 دامەزرا بۆ دادگاییکردنی تۆمەتەکانی جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ. دادگاکە دەڵێت کاتێک هەنگاو دەنێت کە دەوڵەتێکی کارامە ناتوانێت یان ئامادە نەبێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو جۆرە تاوانانە دادگایی بکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG