کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی 18ـی مانگی نۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا پرۆژەیاسای کۆنگرێسی بە ناوی ''یاسای لینزی گرام بۆ سزادانی ڕووسیا و ئێران لە ساڵی 2026'' واژۆ کرد.
ئەم یاسایە لە لایەن کۆنگرێسەوە کاری لەسەر دەکرا و کاتێک سیناتۆری دۆستی کورد لینزی گرام لە ژیاندا بوو هەوڵی زۆری بۆ درا. دواتر پرۆژەیاساکە هەر بە ناوی لینزی گرام کرا وەکو ڕێزێک بۆ کار و خەباتەکانی ئەم سیناتۆرە.
یاساکە کۆمەڵێک سزای توند بەسەر هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران دەسەپێنێت و سزاکان لەسەر ئێران زۆر قورستر دەکات لەوەی کە پێشتر هەبوون.
هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران بە هەماهەنگیی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان پرۆژەیاساکەی پەسەند کرد. کۆنگرێسی ئەمەریکا لە مانگی هەشتدا پرۆژەیاساکەی ناردبوو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامانی کۆنگرێس هەماهەنگییان کرد بۆ دەرچوونی ئەم پرۆژەیاسایە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەند ئەندامێکی پارتی دیموکراتەکان سەرنج و ڕەخنەیان لە بارەیەوە هەبوو.
یاسا نوێیەکە دەسەڵات دەداتە سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕێژەی باجی گومرگی هەتا ڕادەی %100 بسەپێنێت بەسەر کۆمەڵێک سێکتەری ڕووسیادا. هەروەها سەرۆک دەسەڵاتی دەبێت کە سزای زیاتر بەسەر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا بسەپێنێت.
ڤلادیمێر زیلینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپی کرد بۆ واژۆکردنی یاسایەکە.
ئەم یاسایە کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر هەردوو وڵاتی هیندستان و چین کە کڕیاری سەرەکیی هەناردەی ڕووسیا و ئێرانن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی 24ی مانگی نۆ دۆناڵد ترامپ میوانداری سەرۆکی کۆماری میللیی چین بکات لە کۆشکی سپی.
شایەنی باسە سیناتۆری کۆچکردوو لینزی گرام بەشێکی زۆری کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەیاساکە بەسەر برد و چەند ڕۆژێک بەر لە مردنی لە مانگی حەوتدا، سەردانی وڵاتی ئۆکرانیای کرد.