دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس ڕێککەوتنێکی نوێی بۆ بەڕێوەبردنی گرینلاند لە ڕووی سەربازییەوە ڕاگەیاند.
سەرۆک ترامپ نووسیویەتی، ''خۆشحاڵم کە ڕێککەوتنێکی ئەمەریکا لەگەڵ شانشینی دانیمارک و گرینلاند ڕادەگەیەنم کە تێیدا دەسەڵاتی تەواو دراوە بە ئەمەریکا بۆ بەڕێوەبردنی ئاساییشی گرینلاند و هەموو پێدوایستییەکانی دیکە.''
هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت کە ئیتر هیچ کەسێک بەبێ ڕەزامەندیی ئەمەریکا ناتوانێت هیچ بنکەیەکی لە گرینلاند هەبێت یاخود وەبەرهێنان لە بوارە هەستیارەکاندا بکات.
سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت هیچ وادەیەک بۆ کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنەکە ڕانەگەیەندراوە و ئەمە ڕێککەوتنێکی هەمیشەییە.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی دانیمارک مێت فرێدریکسن خۆشحاڵی خۆی بە ڕێککەوتنەکە دەربڕی و نووسیویەتی، ''ئەمە ڕێککەوتنێکی نایابە هەم بۆ ناتۆ و هەم بۆ ئەورووپا، کە تێیدا ''سەروەریی شانشینی دانیمارک بەسەر گرینلاند و مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکی گرینلاند چەسپێندراوە.''
شایەنی باسە بابەتی پاراستنی گرینلاند لە لایەن ئەمەریکاوە شتێکی نوێ نییە و لە 27 مانگی چواری ساڵی 1951ـیشدا ڕێککەوتنی بەرگریکردن لە گرینلاند لە لایەن هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و شانشینی دانیمارکەوە ئیمزا کرا. بەڵام ئەم ڕێککەوتنە نوێیە دەسەڵاتی زۆر فراوانتر دەدات بە ئەمەریکا بۆ بەڕێوەبردنی دورگەکە.