دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی شاری گاستۆنیای لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور کرد بۆ بەشداری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان و لەوێوە لێدوانی سەبارەت بە ئێران دا.
لە سەرەتای قسەکانیدا سەرۆک ترامپ هیوای خواست "بەم زووانە" کۆتایی بە بابەتی ئێران بێت.
دواتر گوتی، ''ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێک بکەون و ئێمەش سەیری بارودۆخەکە دەکەین.''
سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە، "ئێرانییەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ڕێک بکەون بەڵام ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ داواکەیان دەکات و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە دەدات."
شایەنی باسە ئەم گوتانەی سەرۆکی ئەمەریکا لە دوای دیاریکردنی ماوەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دێت.
هەروەها، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ماوەی دوو مانگدا ئەمەریکا بڕیاری یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ئێران دەدات و تەنانەت بژاردەی بەکارهێنانی سوپاش لە دژی ئێران کراوەیە و بڕیارێکی لەم جۆرە لە دەستی سەرۆکی ئەمەریکادایە.