ئاژانسی هەواڵی فەرمی عەرەبستانی سعودیە بڵاویکردەوە کە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشین و سەرۆک وەزیرانی سعودیە ڕۆژی دووشەممە لە جەددە لەگەڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە هەردوولا تاوتوێی هاوکاریی بەرگری نێوان سعودیە و ئەمەریکا و پێشهاتە ناوچەییەکان کردووە، هەروەها جەختیان لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان کردووە.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە ڕاپۆرتەکان باس لە داواکارییەکانی ریاز دەکەن لە ئەمەریکا کە واشنتن وەڵامی ئەرێنی بۆ داواکاری سعودیە نەبووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی Axios کە لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکاییەوە بڵاوکراوەتەوە، بن سەلمان ڕۆژی پێنجشەممە دوو جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ کردووە و داوای لێکردووە هێرش بکاتە سەر حوسییەکان. ترامپ ئەو داوایەی ڕەتکردوەتەوە.
کاربەدەستێکی ئەمەریکی دەڵێت واشنتن زانیاریی هەواڵگری و ئامانج لەسەر حوسییەکان دەداتە سعودیە و نزیکەی 200 سەربازی ئەمەریکی پێشوەخت لە سعودیە جێگیر کراون.
هەمان ڕاپۆرت دەڵێت بەرپرسانی ئەمەریکا بە بەرپرسانی سعودییەیان ڕاگەیاندووە کە ترامپ دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر ئێران و گەرووی هورمز.