کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی دێت و جەختی لەوە کردەوە ئەمەریکا دانوستانی پێ باشترە، بەڵام ڕێگە نادات ڕێژیمی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
ڕایت بە بلومبێرگ-ی ڕاگەیاند ئێمە دانوستانمان پێ باشترە. وتیشی ڕێگەی دیکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئەگەر درێژە بە بەرنامەی شاراوە و ژێرزەمینیی چەکی ئەتۆمی بدات، ڕووبەڕووی سوپای ئەمەریکا ببێتەوە- سوپایەک کە دڵنیا دەبێتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنن."
وەزیری وزەی ئەمەریکا هەروەها نەبوونی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ئێران و نەبوونی زانیاری سەبارەت بە دۆخی ماددە ئەتۆمییەکانی بە جێگای "نیگەرانی" ناو کرد. هەفتەی ڕابردوو دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی پرسی پابەندنەبوونی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنە ناوکییەکانی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
ڕایت هەروەها گومانی خۆی سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە تەنگەی هورمز دەربڕی و وتی "حسابکردن لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا بە دڵنیاییەوە گرەوێکی باش نییە."